سوپای پاسداران: شەپۆلێکی نوێ هێرشەکانمان دەستپێکردوە دەیان بنکەی ئەمریکا و ئیسرائیل بە ئەمانج گیراوە

فەرمانگەی پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد کە لە چوارچێوەی قۆناغی چوارەمی ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستگۆدا شەپۆلی حەفتاهەمیان دەستپێکردووە و تێیدا زیاتر لە ٥٥ پێگەی ستراتیژیی ئەمریکا و ئیسرائیلیان لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا کردووەتە ئامانج.

لە بەشێکی تری هێرشەکاندا سوپای پاسداران چەندین بنکەی سەربازیی گرنگی ئەمریکای وەک ئەلخەرج و ئەلزەفرە و عەلی سالم و بارەگای کەشتیگەلی پێنجەمی دەریایی بە مووشەکەکانی قیام و عیماد و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان پێکاوە. 

 هاوکاتیش بە مووشەکی هێشوویی جۆری خوڕەمشەهر-٤ و قەدر ناوچە هەستیارەکانی حەیفا و تەلئەڤیڤ و کیریات ئۆنۆیان بۆردومان کردووە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە چڕانە وەک بەشێک لە ستراتیژی نوێی هێزە چەکدارەکانی ئێران ناو براوە کە تێیدا جەخت لە هێرشکردنە سەر ئەو ناوەندانە کراوەتەوە کە هێرشیان لێوە دەکرێتە سەر خاکی ئێران و ئاماژە بەوەش دراوە کە سوپای پاسداران بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر ئەگەرێکی لەو شێوەیە لەوپەڕی ئامادەباشیدایە.





PM:07:51:21/03/2026