نەتانیاهو: کاتی ئەوەیە وڵاتانی دیکەش بێنە ناو جەنگەکەوە


سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە دۆخی ئێستای جەنگی وڵاتەکەی و ئەمریکا لەگەڵ ئێران قسەی کرد  و وتی "کاتی ئەوە هاتووە سەرکردەی وڵاتانی دیکەش بێنە ناو جەنگەکەوە و هەندێکیان دەستیان بە جووڵە کردووە بەو ئاراستەیە".

یەک شەممە، ٢٢ ئادار ٢٠٢٦، بنیامین نەتانیاهو، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایەگەیاند " لە ئێستادا ئیسرائیل لە ململانێیەکی سەختدایە پەیوەندی بە مانەوەی وڵاتەکەیانەوە هەیە لە ناوچەکەدا".

لە بارەی هێرشە مووشەکیەکانی شەوی رابردوو بۆسەر وڵاتەکەی نەتانیاهو ئاماژەی بەوەکرد "زەنگی ئاگادارکردنەوە ١٠ خولەک پێش کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە لە شاری عەراد لێدرا، بەڵام هەندێک لە خەڵکەکە روویان لە پەناگەکان و شوێنە ئارامەکان نەکرد".

شەممە، ٢١ ئادار ٢٠٢٦، سوپای پاسدارانی ئێران ژمارەیەک مووشەکی بالیستی ئاراستەی ئیسرائیل کرد، دووانیان لە کۆمەڵگە نیشتەجێبووەکانی هەردوو شاری عەراد و دیمۆنا کەوتنە خوارەوە.

دەزگای فریاگوزاریی ئیسرائیل سەبارەت بە زیانەکانی ئەو هێرشانە بۆ سەر عەراد بڵاویکردەوە کە ٨٤ کەس برینداربوون و دۆخی تەندروستیی ١٠ یان سەختە. ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی بریندارانی هێرشەکەی دیمۆناش ٦٠ کەسی تێپەڕاندووە و برینی ژمارەیەکیان سەختە.




PM:03:28:22/03/2026