کارولین لیڤیت، وتەبێژی کۆشکی سپی رایگەیاند'' هاوپەیمانانی ناتۆ بەدەم بانگەوازەکەی سەرۆک ترەمپەوە هاتوون بۆ بەهێزکردنی پێگەیان لە گەرووی هورمز.''
لیڤیت جەختی کردەوە کە ئەمە دەرەنجامی سیاسەتی "ئەمریکا لە پێشینەیە" و نیشانەی سەرکردایەتییەکی بەهێزە کە وای کردووە هاوپەیمانان بەشداربن لە پاراستنی بازرگانی جیهانی و تەنیا ئەمریکا بارگرانییە داراییەکان هەڵنەگرێت.
لەلای خۆشیەوە، مارک روتە، سکرتێری گشتی ناتۆ، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" پشتیوانی خۆی بۆ هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەربڕی و بە کارێکی پێویست وەسفی کردن.
روتە ئاماژەی بەوە کرد کە تواناکانی ئێران هەڕەشەیەکی وجودین بۆ سەر ئیسرائیل، ناوچەکە و تەواوی جیهان، بۆیە پێویستە واشنتن هەنگاو بنێت بۆ لەناوبردنی توانای ئەتۆمی و موشەکیی ئەو وڵاتە.
سکرتێری گشتی ناتۆ ئاشکرای کرد کە هاوپەیمانییەکە لە چوارچێوەی گروپێکی ٢٢ وڵاتیدا هاوکاری ئەمریکا دەکەن بۆ دڵنیابوون لە کراوەیی و ئارامیی گەرووی هورمز. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە ترەمپ پێشتر نیگەرانی خۆی لە خاوی و سستی وڵاتانی ئەوروپا لە ئاست مەترسییەکانی ئێران دەربڕی بوو.
ناتۆ دووپاتی کردەوە کە شانبەشانی ئەمریکا دەوەستێت بۆ کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی تاران، بەتایبەتی لە پرسی ئازادیی کەشتیوانی و رێگریگرتن لە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژ. ئەم هەماهەنگییە نوێیە وەک وەڵامێکی کردەیی بۆ فشارەکانی ئیدارەی ترەمپ دەبینرێت تاوەکو هاوپەیمانان بەرپرسیارێتی زیاتر لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتیدا بگرنە ئەستۆ.