سوپای ئیسرائیل فراوانکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی لە ناو قوڵایی خاکی ئێران ڕادەگەیەنێت و جەخت لە بەردەوامی هێرشەکان دەکاتەوە.
ئیفی دیفرین، وتەبێژی سوپای ئیسرائیل لە پەیامێکی تونددا ڕایگەیاند” وڵاتەکەی چیتر خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئێران لانادات و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان لە قوڵایی خاکی ئەو وڵاتەدا فراوانتر دەکەن.”
ئاماژەی بەوە کرد، هیچ شوێنێکی ئارام بۆ تاران و گروپە هاوپەیمانەکانی نەماوە و هەر هەڕەشەیەک کە ئاراستەیان بکرێت، بە وەڵامێکی سەربازیی یەکلاکەرەوە و بەئامانجگرتنی دامەزراوە ستراتیژییەکان و سەرکردەکانی ئەو ڕژێمە کۆتایی دێت.
سەبارەت بە توانای بەرگریی ئیسرائیل، وتەبێژی سوپای ئەو وڵاتە ئاشکرای کرد، سیستەمی بەرگریی ئاسمانییان توانیویەتی ڕێگری لە زیاتر لە ٩٠٪ی ئەو موشەکانە بکات کە لە ئێرانەوە ئاراستەیان کراوە، ئەمەش بە دەستکەوتێکی بێ وێنە بۆ سوپا دادەنرێت. هاوکات ئاماژەی بەوەش کرد کە هێرشەکان بۆ سەر پێگەکانی حزبوڵا بەردەوامە و تا ئێستا پتر لە ٢٠٠ ئامانجی ئەو حزبەیان پێکاوە، بە مەبەستی نەهێشتنی هەر مەترسییەک کە هەڕەشە لە بوونی ئیسرائیل بکات.
لە لایەکی دیکەوە، دیفرین دانی بەوەدا نا کە سەرەڕای سەرکەوتنەکان، سوپای ئیسرائیل باجێکی قورس دەدات و لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا نەیانتوانیوە ڕێگری لەو موشەکانە بکەن کە ناوچەکانی دیمۆنا و عەرادیان کردووەتە ئامانج.
لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە سوپا تا گەیشتن بە تەواوی ئامانجە سەربازییەکانی و لاوازکردنی تەواوەتی تواناکانی ئێران، لە هێرشەکانی بەردەوام دەبێت و پاشەکشە ناکات.