رۆیتەرز: سوپای پاسداران خاوەن بڕیارە و مەرج بۆ ترەمپ دادەنێت


ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز راپۆرتێکی بڵاوکردوەتەوە کە لەسەرچاوەی "باڵای تارانەوە" زانیاری وەرگرتوە سەبارەت بە هەڵوێستی ئێران بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەمریکا  و دەڵیت "ئێستا سوپای پاسداران خاوەنی بڕیاری کۆتاییە و کۆمەڵێک داواکاری لە ئەمریکا هەیە، کە وەک هێڵی سورن بۆ دۆناڵد ترەمپ".

سێ شەممە، ٢٤ ئادار ٢٠٢٦، رۆیتەرز بڵاویکردەوە کە "تاران تەنها بە راگرتنی جەنگ رازی نابێت، بەڵکوو داوای گەرەنتی دەکات کە ئەمریکا جارێکی دیکە هێرش نەکاتەوە سەر خاکەکەی، هاوکات جەخت لەسەر وەرگرتنی قەرەبووی دارایی گەورە دەکاتەوە بەرامبەر ئەو وێرانکارییانەی لە سێ هەفتەی رابردوودا بەسەری هاتووە. یەکێکی دیکە لە مەرجە هەرە قورسەکان، بە فەرمی ناساندنی مافی ئێرانە بۆ کۆنترۆڵکردنی تەواوەتی گەرووی ستراتیژیی هورمز، کە ٪٢٠ ـی وزەی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت".

ئەم راپۆرتە لە کاتێکدا بڵاوکراوەتەوە کە  دۆناڵد ترەمپ باس لە هەبوونی گفتوگۆی زۆر بەهێز دەکات، سەرچاوە ئێرانییەکان نکۆڵی لە هەر جۆرە دانوستانێکی راستەوخۆ دەکەن و دەڵێن تا ئێستا تەنیا لە رێگەی تورکیا، پاکستان، میسر و وڵاتانی کەنداوەوە پەیامیان ئاڵوگۆڕ کردووە.




PM:06:20:24/03/2026