گۆتێرێز: شەڕ فراوانترببێت مەترسی برسیەتی لە جیهاندا سەر هەڵدەدات

‌ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان

سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بەردەوامی و مەترسیەکانی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران هۆشداری لە سەرهەڵدانی برسیەتی لە جیهاندا دەدات.

چوار شەممە، ٢٥ ئادار ٢٠٢٦، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێز، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند "داخستنی گەرووی هورمز دەبێتە هۆی خنکاندنی هەناردەی نەوت، گاز و پەین بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش ئابووریی جیهانی تووشی شڵەژان کردووە".

گۆتێرێز وتی "لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی چاندن، ئەگەر پەین دابین نەکرێت جیهان رووبەڕووی کاریگەری نەرێنی دەبێتەوە"، ئاماژەی بەوەش کرد، وڵاتانی کەنداو دابینکەری سەرەکی کەرەستە خاوەکانی پەینی نایترۆجینین، کە پاڵنەرێکی بنەڕەتییە بۆ ئاسایشی خۆراکی جیهانی.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان دەشڵێت "دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە سێ هەفتە بەسەر پەرەسەندنە سەربازییەکان، پێویستە ئەم دۆخە کۆتایی پێ بهێنرێت، داوا لە ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەم دەستبەجێ شەڕەکە رابگرن، هەروەها داواش لە ئێران دەکەم هێرشەکانی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێی، کە لایەنی شەڕەکە نین، بوەستێنێت".

لە بارەی دۆخی لوبنان، گۆتێرێز هۆشداری دا و رایگەیاند "پێویستە حزبوڵڵای لوبنان هێرشەکانی رابگرێت و ئیسرائیلیش ئۆپەراسیۆنەکانی بوەستێنێت، هەروەها نابێت بە هیچ شێوەیەک ئەزموونی وێرانکاریی غەززە لە لوبنان دووبارە ببێتەوە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، گۆتێرێز جەختی کردەوە کە "چینە هەژارەکان گەورەترین باجی ئەم شەڕە دەدەن و پڕۆسە مرۆییەکانیش بەهۆی شەڕەکەوە بە توندی سنووردار کراون".




PM:08:07:25/03/2026