ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ راپۆرتێکی سەبارەت بە "هاککردنی کامێرا ئەمنییەکانی ئیسرائیل" لە لایەن ئێرانەوە بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت " ئێران هاوشانی شەڕی مووشەکی، بەرەیەکی بەهێزی جەنگی ئەلیکترۆنی دژ بە ئیسرائیل کردووەتەوە".
دوو شەممە، ٣٠ ئادار ٢٠٢٦، بە پێی راپۆرتەکە "شارەزایانی ئەمنی پێیان وایە هاککردنی کامێرا ئەمنییەکان لە لایەن ئێرانەوە بۆ ئەوە بووە کە تاران بتوانێت لە دوورەوە شوێنپێی جووڵەی هێزەکانی سوپای ئیسرائیل هەڵبگرێت و هەڵسەنگاندن بۆ وردیی ئەو گورزە مووشەکییانە بکات کە ئاراستەی شارەکانی ئیسرائیل دەکرێن".
وۆڵ ستریت جۆرناڵ هۆشداری دەدات کە "چالاکییە سایبەرییەکانی ئێران تەنیا ئیسرائیلی نەگرتووەتەوە، بەڵکو لەم چەند رۆژەی دواییدا هێرشە ئەلیکترۆنییەکانی تاران بۆ سەر ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و وڵاتانی کەنداویش بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە".
لە راپۆرتەکەدا هاتووە "زۆربەی ئەو کۆمپانیایانەی کەوتوونەتە بەر شاڵاوی هاکەرەکان، کۆمپانیای بچووک و مامناوەند بوون، بەڵام هێرشەکان بە شێوەیەک بوون کە بەشێکی زۆر لە زانیاری و داتاکانی ئەو کۆمپانیایانە بە شێوەیەکی هەمیشەیی خاپوور کراون و ناتوانرێت بگەڕێنرێنەوە".
ئەم پەرەسەندنانە نیشانەی ئەوەن کە شەڕی سایبەری (Cyber Warfare) لە نێوان هەردوو بەرەدا گەیشتووەتە قۆناغێکی "مەترسیدار و هەردوولا هەوڵ دەدەن ژێرخانی دیجیتاڵیی یەکتری پەک بخەن".