"ئێران تێکبشکێت کۆتایی بە ململانێی چەند ساڵەی عەرەب و ئیسرائیل دێت"


سیناتۆری کۆمارییەکان، لیندزی گراهام، لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس پەیامێکی سەبارەت بە ئەگەری سەرنەکەوتنی دانوستاندن لەگەڵ ئێران بڵاوکردوەتەوە و دەڵێت "پشتیوانی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان دەکەم، بەڵام دەبێت ئەو هەوڵانە لەگەڵ ئامانجە سەربازییەکانی ئەمریکا یەکبگرنەوە".

دوو شەممە، ٣٠ ئادار ٢٠٢٦، لیندزی گراهام،  سیناتۆری کۆمارییەکان ئاشکرایکرد کرد کە گفتوگۆیەکی زۆر باشی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئەنجام داوە سەبارەت بەو لێکەوتانەی چاوەڕێی ئێران دەکەن، ئەگەر تاران رازی نەبێت بە رێککەوتنێکی ئاشتیی قبوڵکراو.

ئەو سیناتۆرە لە بارەی دۆخی ئێستای جەنگەوە وتی "پێویستیی کارە سەربازییەکان بۆ چەند هەفتەیەکە نەک چەند مانگێک، و ئۆپەراسیۆنی تووڕەیی داستانئاسا (Operation Epic Fury) بە خێراییەکی زۆر باش بەرەوپێش دەچێت،  هیوای هەمیشەییم ئەوە بووە کە لە رێگەی هێرشکردنە سەر ئێران، دەروازەی ئاشتی بۆ ناوچەکە بکرێتەوە".

لیندزی گراهام ئاماژەی بەوەشکردوە  تێکشکاندنی هەژموونی ئێران رێگە بۆ سعوودیە و ئیسرائیل خۆش دەکات پەیوەندییەکانیان ئاسایی بکەنەوە، کە ئەمەش بە واتای کۆتاییهێنان بە ململانێی مێژوویی نێوان عەرەب و ئیسرائیل دێت. 

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، ئەو سیناتۆرە داوای لە ترەمپ کرد کە "بەردەوام بێت لەسەر ئەم رێبازە بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و گەیشتن بە رێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر، تاوەکوو ئێران چیتر نەتوانێت ببێتە تێکدەری ئاشتی وەک ئەوەی لە رووداوەکانی ٧ تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣دا ئەنجامی دا".




PM:06:22:30/03/2026