ئیسرائیل: زیاتر لە ٨٠٠ ئەرکی سەربازیمان لە ئێران ئەنجامداوە


سوپای ئیسرائیل لە لاپەڕەی فارسییان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس راگەیاندراوێکی سەبارەت بە پێکانی ئامانجی هێرشەکانیان لە ئێران بڵاوکردوەتەوە.

چوار شەممە، ١ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە سەرەتای دەسپێکردنی شەڕەوە، هێزی ئاسمانیمان زیاتر لە ٨٠٠ ئەرکی سەربازیی لە ناوچە جۆربەجۆرەکانی ئێران ئەنجام داوە کە تێیاندا نزیکەی ١٦ هەزار جۆری تەقەمەنی بەکارهاتووە.

سوپای ئێسرائیل ئاشکراشی کردووە "دوای ئۆپەراسیۆنی ١٢ رۆژە دژی ئێران، نزیکەی ٥ هەزار ئامانجی نوێ لە ئێران دەستنیشان کران و ١٠ هەزار هێرش دژی ٤ هەزار ئامانجی تیرۆریستی ئەنجام دراون".

بە پێی راپۆرتەکەی سوپای ئیسرائیل ئەو  ئامانجانە بریتیین لە "بنکە سەربازییەکان، سیستەمەکانی بەرگری ئاسمانی، و کۆگاکانی چەک و مووشەک".

٣٣ رۆژە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بەردەوامە و ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و لەگەڵ ئەوەی ئەمریکا باسی دانوستاندن دەکات لە هەمان کاتدا هەڕەشەی هێرشی زەمینیش لە دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات. 




PM:11:01:01/04/2026