سوپای پاسداران دوای تەقاندنەوەی پردەکەی ئێران: ١٠ پرد لە ناوچەکە و عێراق دەتەقێنینەوە

‌پردی بی ١ دوای تەقینەوەی

دوای ئەوەی ئەمڕۆ لە بۆردومانێکدا "بەرزترین پرسی ئێران" لە نیوان تاران و کەرەج بە هۆی بۆردومانەوە تەقیەوە، سوپای پاسداران لە راگەیاندراوێکدا هەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە دەکات و دەڵێت "١٠ پردی ستراتیژی دەتەقێنینەوە".

پێنج شەممە، ٢ نیسان ٢٠٢٦، لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە "لە وەڵامی تەقاندنەوەی پردی نێوان تاران و کەرەج لەلایەن ئیسرائیلەوە، بڕیارمانداوە پردە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناوچەکە بکەینە ئامانج، ئەمە وەڵامێکی ڕاستەوخۆیە بۆ ئەو وێرانکارییەی ئیسرائیل لە ناوخۆی ئێراندا ئەنجامی داوە".

بە پێی راگەیاندراوەکە سوپای پاسداران ١٠ پردی لە ٧ وڵاتی جیاواز دەستنیشان کردووە تاوەکو بیانتەقێنێتەوە. ئەو وڵاتانەش بریتین لە: ئیسرائیل، کوەیت، سعوودیە، ئیمارات، ئوردن، بەحرەین و عێراق.

سوپای پاسداران دەڵێت "تێکدانی ئەم پردانە پەیامێکی ڕوونە بۆ هەموو ئەو لایەنانەی هاوکاریی ئەمریکا و ئیسرائیل دەکەن".

ئەو پردانەی کە سوپای پاسداران هەڕەشەی تێکدانیان لێ دەکات ئەمانەن:

-پردی شێخ جابر ئەحمەد سەباح لە کوەیت.
-پردی شا فەهد لە نێوان سعوودیە و بەحرەین.
-پردەکانی شێخ زاید، موقەتەع، شێخ خەلیفە و عەبدون لە ئەبوزەبی.
-پردی شا حوسێن و پردی دامیا لە نێوان ئوردن و فەڵەستین.
-پردی ئاریک لە باکووری ئیسرائیل.
- پردەکانی شەتولعەرەب لە عیراق.

سوپای پاسداران بە ئاشکرا هەڕەشەی تەقاندنەوەی ئەو پردانە دەکات، ئەمەش لە کاتێکدایە کە بەسرە دەمارێکی سەرەکیی ئابووریی عێراقە و تێکدانی ئەو پردانە زیانی گەورە بە ژیانی هاوڵاتییان دەگەیەنێت.




PM:10:04:02/04/2026