ڕۆژنامەی "یەدیعوت ئەحرۆنۆت" لە زاری چەند سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاوی کردەوە'' بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگری، ڕێنماییان داوەتە سوپا بۆ ئامادەکردنی لیستێکی ورد لە ئامانجە ستراتیژییەکانی کەرتی وزەی ئێران بۆ هێرشێکی بەهێز و فراوان.''
بەپێی زانیارییەکانی ئەم ڕۆژنامەیە، ئیسرائیل بە فەرمی بە واشنتۆنی ڕاگەیاندووە'' لێدانی دامەزراوەکانی وزە و نەوت زیانێکی کوشندە بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت و ئەگەری ڕووخانی یەکجاریی ڕژێمەکەی لێ دەکەوێتەوە.'' تەلئەبیب ئێستا تەنیا چاوەڕێی ڕەزامەندیی کۆتایی ئەمریکایە بۆ دەستپێکردنی ئەم قۆناغە نوێیەی هێرشەکان.
هاوکات چاودێرانی سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کە جووڵەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل تەنیا لە هێرشی ئاسمانی و موشەکیدا کورت نابێتەوە، بەڵکو ئامادەکاری بۆ ئەگەری "شەڕێکی زەمینیی سنووردار"یش دەکرێت.
هەرچەندە تا ئێستا کات و شوێنی وردی دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنە زەمینییە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام ئاستی گرژییەکان گەیشتووەتە قۆناغێکی یەکلاکەرەوە.