بەرپرسانی واشنتن و میدیا فەرمییەکانی تاران، ئەمڕۆ هەینی ٣ی نیسانی ٢٠٢٦، پشتڕاستیان کردەوە کە فڕۆکەیەکی جەنگیی ئەمریکا لە ئاسمانی ئێران خراوەتە خوارەوە.
ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا بە پەلە خەریکی ڕێکخستنی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و ڕزگارکردنە بۆ دۆزینەوەی تیمی فڕۆکەکە پێش ئەوەی بکەونە دەست هێزەکانی ئێران.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) یەکەکانی تایبەتی لە عێراق و سووریا خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانەکان، بەڵام بەرپرسان دەڵێن ئەرکەکە قورسە، چونکە مەترسیی هێرشی ئێرانی بۆ سەر هێلیکۆپتەرەکانی ڕزگارکردن لە ئارادایە.
ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە ئەمریکا پردی ستراتیژیی (B1)ی لە ئێران بۆردوومان کرد؛ هێرشێک کە بە گوتەی تاران بووەتە هۆی کوژرانی ٨ کەس و برینداربوونی ٩٥ کەسی دیکە، بەڵام واشنتن وەک ڕێڕەوێکی سەرەکیی گواستنەوەی مووشەک و درۆن ناساندوویەتی.
هاوکات، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ستایشی هێرشەکانی سوپای وڵاتەکەی کرد و هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد. ترەمپ جەختی کردەوە کە بۆردوومانە چڕەکان بۆ ماوەی دوو تا سێ هەفتەی دیکە بەردەوام دەبن و ڕایگەیاند'' دەیانگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین، ئەو شوێنەی کە لێیەوە هاتوون."
ئەم دەستەواژەیەی سەرۆک، دەستبەجێ لە لایەن پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمریکاوە دووپات کرایەوە، کە ئاماژەیە بۆ قۆناغێکی نوێ و وێرانکەرتر لەم ململانێیە.