ترەمپ پیرۆزبایی لە گەلی ئەمریکا دەکات بۆ ڕزگارکردنی فڕۆکەوانی دووەم.
دەقی پەیامەکەی:
کردەوەی ڕزگارکردنەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هات! ئەی ئەمریکییەکان، لە چەند کاتژمێری ڕابردوودا، هێزە چەکدارەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکان یەکێک لە بوێرانەترین ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردنیان لە مێژووی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا ئەنجامدا، ئەوەش بۆ ڕزگارکردنی یەکێک لە ئەندامانی تاقمە نایابەکانمان، کە عەقیدێکی بەڕێزە، و خۆشحاڵم پێتان ڕابگەیەنم کە ئەو ئێستا باش و سەلامەتە!
ئەم شەڕکەرە ئازایە لە پشت هێڵەکانی دوژمن لە چیا سەختەکانی ئێراندا بوو، لەوێ لەلایەن دوژمنەکانمانەوە ڕاودەنرا کە کاتژمێر بە کاتژمێر لێی نزیک دەبوونەوە، بەڵام ئەو بە ڕاستی بە تەنیا نەبوو، چونکە فەرماندەی باڵا، وەزیری بەرگری، سەرۆکی ئەرکانی هاوبەش و هاوڕێ شەڕکەرەکانی، ٢٤ کاتژمێر چاودێری شوێنەکەیان دەکرد و بە وریاییەوە پلانیان بۆ ڕزگارکردنی دادەڕشت.
بە فەرمانی من، هێزە چەکدارەکانی ئەمریکا دەیان فڕۆکەیان نارد، کە بە کوشندەترین چەکەکانی جیهان تەیار کرابوون، بۆ گەڕاندنەوەی. ئەو تووشی برینداری بووە، بەڵام بەتەواوی باش دەبێت. ئەم ئۆپەراسیۆنە پەرجۆئامێزەی گەڕان و ڕزگارکردن، دەچێتە پال ڕزگارکردنی سەرکەوتووانەی فڕۆکەوانێکی تری ئازا کە دوێنێ ڕزگارمانکرد، کە ئەو کاتە پشتڕاستمان نەکردەوە چونکە نەماندەویست پڕۆسەی ڕزگارکردنی دووەم بخەینە مەترسییەوە.
ئەمە یەکەمجارە لە یادەوەری سەربازیدا کە دوو فڕۆکەوانی ئەمریکی، بە شێوەیەکی جیاواز، لە قووڵایی خاکی دوژمندا ڕزگار بکرێن. ئێمە هەرگیز هیچ شەڕکەرێکی ئەمریکی بەجێناهێڵین! توانای ئێمە بۆ ئەنجامدانی ئەم دوو ئۆپەراسیۆنە بەبێ کوژران یان تەنانەت برینداربوونی هیچ ئەمریکییەک، جارێکی تر دەیسەلمێنێت کە ئێمە باڵادەستی و کۆنترۆڵێکی ئاسمانی ڕەهامان بەسەر ئاسمانی ئێراندا بەدەستهێناوە.
ئەمە ساتێکە کە دەبێت هەموو ئەمریکییەکان — کۆمارییەکان، دیموکراتەکان و کەسانی تریش — شانازی پێوە بکەن و لە دەوری یەکتر کۆببنەوە. ئێمە بە ڕاستی باشترین، بەهێزترین، پیشەییترین و کوشندەترین سوپای مێژووی جیهانمان هەیە. خودا ئەمریکا بپارێزێت، خودا هێزەکانمان بپارێزێت، و جەژنی قیامەت (ئیستەر) لە هەمووان پیرۆز بێت!