عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکی نوێدا لە ڕۆژی دووشەممە ٦ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' تیرۆرکردنی سەرۆکی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سوپای پاسداران نیشانەی بێدەسەڵاتی و دەستەوەستانیی ئەمریکا و ئیسرائیلە و ئەم کردەوانە تەنیا بۆ داپۆشینی ئەو شکستانەیە کە لە گۆڕەپانی ڕووبەڕووبوونەوەدا تووشیان هاتووە.''
وەزیری دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوە دا کە واشنتن و تەلئەڤیڤ هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆریستی و بە ئامانجگرتنی فەرماندە باڵاکانی ئێران ئەو ناسەقامگیری و شکستانەی بەسەریاندا هاتووە قەرەبوو بکەنەوە.
جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هەنگاوانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرن بۆ بێهیوایی دوژمنان لە بەرانبەر هێزی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا و ناتوانن لە ڕێگەی توندوتیژییەوە ئامانجە سیاسی و سەربازییەکانیان بەدەست بهێنن.
عێراقچی لە کۆتایی پەیامەکەیدا دووپاتی کردەوە کە پەنابردنی ئەمریکی و زایۆنییەکان بۆ تیرۆرکردنی کەسایەتییە هەواڵگرییەکان نیشانەی ئەوەیە کە ئەوان لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆدا شکستیان هێناوە و ئێستا دەیانەوێت بەم شێوەیە دۆخەکە بەرەو ئاڵۆزیی زیاتر ببەن بەڵام ئەمە ورەی هێزە چەکدارەکانی ئێران بۆ بەردەوامبوون لەسەر هەڵوێستەکانیان زیاتر دەکات.