باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا تۆمەتبار دەکەن بە "پشتیوانی لە
تیرۆر" دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵی
فۆکس نیوز وتی "واشنتن لە کاتی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمی رابردوودا،
چەکی بۆ گرووپەکانی ئێران دابین کردووە".
سێ شەممە، ٧ نیسان ٢٠٢٦، ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری
هەمیشەیی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نامەیەکی فەرمیدا بۆ سەرۆکایەتیی
ئەنجوومەنی ئاسایش، ناڕەزایەتی توندی وڵاتەکەی پیشان دا و جەختی کردەوە کە ئەم
لێدوانە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگرە لەسەر ئەوەی "ئەمریکا هەوڵی داوە خۆپیشاندانە
هێمنانەکان بگۆڕێت بۆ توندوتیژی و پشێوی و خوێنڕشتن".
لە
بەشێکی دیکەی نامەکەدا هاتووە کە "پڕچەککردنی گرووپەکان لە خاکی دەوڵەتێکی دیکەدا،
پێشێلکردنی راشکاوی پەیاننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان و یاسا نێودەوڵەتییەکانە،
بەپێی بڕیارەکانی دادگای دادوەرانی نێودەوڵەتی و بڕیارنامەی ١٣٧٣ـی ئەنجوومەنی
ئاسایش، هەر جۆرە پاڵپشتییەکی ماددی و سەربازی بۆ گرووپە توندڕەوەکان وەک پشتیوانیکردنی
دەوڵەت بۆ تیرۆر ئەژمار دەکرێت".
ئێران
لە رێگەی نوێنەرەکەیەوە رایگەیاند، "ئەمریکا بەرپرسیارێتی تەواوی ئەو زیانە
گیانی و ماددییانەی لە ئەستۆیە کە بەر هاوڵاتیان و دامەزراوە حکومییەکانی ئێران
کەوتووە لە کاتی ئاڵۆزییەکانی مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٦."
ئیروانی
داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایش کرد "بە توندی سەرکۆنەی ئەم لێدوانە مەترسیدارانە
بکات و رێگری بکات لەوەی پشتگوێ بخرێن، نابێت هیچ جۆرە رەفتارێک کە وەک پشتیوانی
دەوڵەت بۆ تیرۆر دەردەکەوێت، چاوپۆشی لێ بکرێت".