ڕۆژنامەی فاینەنشاڵ تایمزی بەریتانی لە ڕاپۆرتێکدا لە ڕۆژی پێنجشەممە ٩ی نیسانی ٢٠٢٦ ئاشکرای کرد، تاران مەرجێکی نوێی بۆ تێپەڕبوونی کەشتییەکان بە گەرووی ستراتیژیی هورمزدا داناوە و بەپێی وتەی حەمید حوسەینی، وتەبێژی یەکێتیی هەناردەکارانی نەوت و غازی ئێران بڕیار دراوە لە بەرانبەر هەر بەرمیلێک نەوتدا یەک دۆلار باج وەربگیرێت و هەر کەشتییەکیش مۆڵەت وەرنەگرێت یان باجەکە نەدات لەلایەن سوپای پاسدارانەوە دەکرێتە ئامانج.
لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە ئێران لە ماوەی دوو هەفتەی ئاگربەستەکەدا سوورە لەسەر پشکنینی کەشتییەکان و وەرگرتنی ئەو باجە تەنیا بە دراوی دیجیتاڵیی وەک "بیتکۆین" بۆ ئەوەی بتوانێت لە سیستەمی چاودێریی دارایی نێودەوڵەتی و سزاکانی ئەمریکا دەرباز بێت و هاوکات تاران جەخت دەکاتەوە کە ئامانج لە پشکنینە توندەکان ڕێگریکردنە لە گواستنەوەی چەک لە ماوەی ئاگربەستەکەدا.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە کە دوای ٤٠ ڕۆژ لە جەنگ و داخرانی گەرووەکە لە ئێستادا سەدان کەشتیی نەوتهەڵگر چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەت دەکەن بۆ تێپەڕبوون و گەرووی هورمزیش وەک گرنگترین ڕێڕەوی وزەی جیهان کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر نرخەکانی نەوت هەیە و ئەم هەنگاوە نوێیەی ئێرانیش وەک فشارێکی ئابووری و ئەمنی لە ماوەی ئاگربەستە ١٤ ڕۆژییەکەدا دەبینرێت.