بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارێکی نوێدا لە ڕۆژی شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٦ ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی بە هاوکاریی ئەمریکا توانیویەتی کارگە و وێستگەکانی بەرهەمهێنان و توانای مووشەکیی ئێران وێران بکات.''
هاوکات دەیان فەرماندەی باڵای سوپای پاسداران و کەشتییەکانیان بکاتە ئامانج و جەختیشی کردەوە کە ئێران ئێستا لەوپەڕی لاوازیدایە و بۆیە ناچار بووە داوای ڕێککەوتن بکات.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە گوتارەکەیدا مەرجی سەرەکیی وڵاتەکەی بۆ هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران بە لەناوبردنی تەواوەتیی یۆرانیۆمی پیتێنراو دیاری کرد و سەبارەت بە بەرەی لوبنانیش کوشتنی حەسەن نەسروڵا و فەرماندە سەربازییەکانی حزبوڵڵای بە دەستکەوتێکی گەورە ناوبرد و ڕایگەیاند'' ئیسرائیل مەرجی داماڵینی تەواوەتیی چەکی حزبوڵڵا و واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئاشتیی درێژخایەنی هەیە بۆ ئەوەی ڕازی ببێت بە هەر جۆرە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئەو ڕێکخراوە.''
لە بارەی بەرەی غەززەش ناتانیاهۆ ئاماژەی بەوە دا کە بەشێکی زۆری کەرتی غەززەیان لە چەکدارانی حەماس پاک کردووەتەوە و لە سووریاش پلانی دروستکردنی پشتێنەیەکی ئەمنیی بەهێزیان لە چیای شێخەوە بەرەو ناوچەی یەرمووک هەیە بۆ پاراستنی سەروەریی ئیسرائیل.
جەختیشی کردەوە کە هاوپەیمانێتییان لەگەڵ پێکهاتەی درووزی سووریا پارێزراو دەبێت، لە کۆتاییشدا ناتانیاهۆ گوتی ئەو وڵاتانەی پێشتر دژی ئیسرائیل بوون ئێستا بەهۆی بەهێزیی وڵاتەکەیەوە دەیانەوێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ واژۆ بکەن و ئیسرائیل ڕێگە نادات هیچ ڕێکخراوێکی تیرۆریستی ببێتە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی وڵاتەکەی.