CNN: ئیدارەی ترەمپ بەدوای دەرچەیەکی دیپلۆماسیدا دەگەڕێت و تاوتوێی گەڕێکی نوێی دانوستان لەگەڵ ئێران دەکات

تۆڕی هەواڵی CNN لە زاری سەرچاوەی ئاگادارەوە ئاشکرای کرد کە بەرپرسانی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بە شێوەیەکی چڕ سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانی دیدارێکی دیکەی ڕاستەوخۆن لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، بە ئامانجی دۆزینەوەی دەرچەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان، ئەوەش پێش ئەوەی هەفتەی داهاتوو وادەی ئاگربەستی نێوان واشنتن و تاران کۆتایی بێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئەمریکا ئێستا بەدوای دیاریکردنی کات و شوێنێکی گونجاودا دەگەڕێت بۆ ئەنجامدانی گەڕێکی نوێی دانوستانەکان، ئەگەر بێت و گفتوگۆ بەردەوامەکانی ئێستا لەگەڵ تاران و ناوبژیوانانی ناوچەکە بە ئەرێنی بەردەوام بن.

سەرچاوەکان جەختیان لەوە کردووەتەوە کە گفتوگۆکان هێشتا لە قۆناغی سەرەتاییدان، بەڵام پێویستە ئامادەیی تەواو هەبێت بۆ ئەوەی بە خێرایی هەنگاو بنرێت، بەتایبەت دوای کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەی ڕابردوو لە ئیسلام ئاباد کە بە لووتکەی دانوستانەکان لەگەڵ ناوبژیوانانی وەک پاکستان و تورکیا و میسر و عومان دادەنرێت، کە تێیدا تورکیا بە شێوەیەکی چڕ کار بۆ پڕکردنەوەی کەلێن و جیاوازییەکانی نێوان هەردوو لایەنی شەڕەکە دەکات.

بۆ خولی داهاتووی گفتوگۆکان، شارەکانی جنێڤ و ڤییەننا و ئەستەنبوڵ وەک شوێنی ئەگەری کۆبوونەوەکە لەسەر مێزی گفتوگۆن و گەڕانەوە بۆ ئیسلام ئابادیش وەک بژاردەیەک لەبەرچاو گیراوە.

ئیدارەی ترەمپ هێشتا ئومێدەوارە ڕێگەیەکی دیپلۆماسی بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان بدۆزرێتەوە و ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەگەری هەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا واشنتن و تاران ڕێک بکەون لەسەر درێژکردنەوەی وادەی ئاگربەستەکە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدرێت.



PM:11:00:13/04/2026