لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە جەنگ لەگەڵ ئێران، ڕۆمان گۆفمان، سەرۆکی نوێی مۆسادی ئیسرائیل رایگەیاند" ئەرکی ئیسرائیل لە تاران هێشتا کۆتایی نەهاتووە".
رۆژی سێ شەممە ١٤ ی نیسان رۆمان گۆفمان لە پەیامێکی تەلەفزیۆنیدا وتی " چل ڕۆژ شەڕ مایەی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زۆر گەورە بووە بۆ ئیسرائیل"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ماوەی جەنگی ئەمەریکاو ئیسرائیل بوو دژی ئێران.
هەروەها غۆفمان وتیشی "مۆساد جارێکی دیکە لە ناو جەرگەی تاراندا کاری کرد، زانیاریی هەواڵگری وردمان پێشکەش بە سوپای ئیسرائیل کرد و ئەو مووشەکانی دوژمانمان کردە ئامانج کە هەڕەشەمان لێدەکەن، بەڵام هێشتا ئەرکەکەمان تەواو نەبووە."
ئەم لێدوانە دوو ڕۆژ دوای ئەوە هات کە نووسینگەی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، ڕایگەیاند کە جەنەڕاڵ ڕۆمان گۆفمان لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتووەوە پۆستی سەرۆکایەتی مۆساد وەردەگرێت، ئەوەش دوای ڕەزامەندی لیژنەی بەرپرس لە دامەزراندنی پۆستە باڵاکان لە وڵاتی ئیسرائیل.
دوێنێش سەرچاوە سەربازییەکان لە تەلئەبیب ئاشکرایان کرد کە ئیال زامیر، سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل، فەرمانی بە جەنەڕاڵەکانی کردووە دەستبەجێ بچنە بەرزترین ئاستی ئامادەباشی جەنگییەوە و ئامادەکاری بکەن بۆ ئەگەری گەڕانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی لەگەڵ ئێران لە ماوەیەکی نزیکدا، ئەوەش لە دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی شکستهێنانی دانوستانەکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە پاکستان.
بەگوێرەی ماڵپەڕی "وای نێت"ی ئیسرائیلی، ئەم سەرچاوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە سوپای ئیسرائیل لە ئێستاوە دەستی کردووە بە ڕێکارە جەنگییە ڕێکخراوەکان، هاوشێوەی ئەو ڕێکارانەی لە شەوی هەردوو جەنگەکەی دژی ئێران لە مانگی حوزەیران و کۆتایی شوباتی ڕابردوودا گیرابوونەبەر.