سەرۆکی مۆساد دەڵێت بەرپرسیارێتی ئاژانس لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەی کۆماری ئیسلامی تەنیا بە گۆڕینی "ئەم ڕژێمە توندڕەوە” جێبەجێ دەکرێت.
دەیڤید بارنیا، سەرۆکی مۆساد ڕۆژی سێشەممە، لە ڕێوڕەسمێکدا کە بە بۆنەی ڕۆژی یادکردنەوەی هۆلۆکۆستەوە بەڕێوەچوو، وتی" گۆڕینی ڕژێم لە ئێران ئەرکی ئێمەیە و لە بەرامبەر هەڕەشەیەکی تری بە بێدەنگی دانانیشین و سەیر ناکەین".
ناوبراو بە ئاماژە بە ئۆپراسیۆنی ئەم دواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی کۆماری ئیسلامی، زیادی کرد کە موساد لە کاتی ئۆپراسیۆنی سەربازیدا "لە دڵی تاران" چالاک بوو.
بە وتەی بارنیا، مۆساد بە هاوکاری ڕاستەوخۆ لەگەڵ سوپای ئیسرائیل، لە ناوخۆی ئێران و ناوەڕاستی تارانەوە "زانیاری وردی بە هێزی ئاسمانی" داوە و هەر شتێک کە هەڕەشە لە ئیسرائیل بکات، کردۆتە ئامانج.
سەرۆکی مۆساد ئەرکی دەزگای هەواڵگری لە ئێران بە "ناتەواو" ناوبرد و ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەرکەکەمان بە کۆتایی هاتنی شەڕ کۆتایی نایەت، پلانمان هەیە بۆ قۆناغی دوای جەنگ کە دەبێت بەدەستی بهێنین."
ناوبراو جەختی کرد: بەرپرسیارێتی و ئەرکی موساد لە مەسەلەی کۆماری ئیسلامی ئێران تەنیا کاتێک کۆتایی پێدێت کە ڕژیم لە ئێران بگۆڕێت.
خولی دەیڤید بارنیا لە مۆساد لە مانگی حوزەیرانی ئەمساڵدا کۆتایی دێت.
ڕۆمان گۆفمان دوای بارنیا پۆستی سەرۆکی مۆساد دەگرێتە ئەستۆ.
مۆساد دەزگای هەواڵگری بیانی ئیسرائیلە، کە ئەرکی "بێلایەنکردنی چالاکییەکانی دژی ئیسرائیل"ی پێسپێردراوە.