ئەمریکا سزای بەسەر ١٤ کەس و قەوارە و فڕۆکەدا سەپاند کە چەکیان بۆ ئێران دەگواستەوە

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا ڕۆژی سێشەممە سزای بەسەر ١٤ کەس، قەوارە و فڕۆکە کە بنکەیان لە ئێران، تورکیا و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییە سەپاند، بەهۆی ڕۆڵی ئەوان لە دابینکردن، گواستنەوەی چەک یان پێکهاتەکانی چەک بە ناوی کۆماری ئیسلامی.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا لە بەیاننامەکەیدا رایگەیاند" لە کاتێکدا ئەمریکا بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ کەمکردنەوەی کۆگای مووشەکی بالیستیکی ئێران، تاران هەوڵدەدات توانای بەرهەمهێنانی خۆی بنیات بنێتەوە".

وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا زیادی کرد: ئێران زیاتر پشتی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژی "شاهید" بەستووە بۆ ئەوەی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بکاتە ئامانج، لەنێویاندا ژێرخانی وزە لە ناوچەکەدا.” ئاشکراشی کرد کە سزاکان لە چوارچێوەی هەڵمەتی "توڕەیی ئابووری" و لە وەڵامی هەڕەشە بەردەوامەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ سەر ئاسایشی جیهانی سەپێندراون.

سکۆت باسنێت، وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا وتی: ڕێژیمی ئێران دەبێ لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت لەبەرامبەر زەوتکردنی بازاڕەکانی وزەی جیهانی و بەئامانجگرتنی بێ جیاوازیی خەڵکی سڤیل بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان.

وتیشی" لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک ترەمپدا و لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی توڕەیی ئابووریدا، وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا هەوڵدەدات سەرچاوەکانی پارە بەدواداچوون بکات و ڕەفتاری بێباکانە و هەروەها ئەو کەسانە بکاتە ئامانج کە ئاسانکاری بۆ دەکەن".




PM:10:34:21/04/2026