ترەمپ: فەرمانم داوە هەموو بەلەمە مینڕێژکەرەکانی ئێران لە گەرووی هورمز لەناوببەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند کە فەرمانی بە هێزە سەربازییەکانی وڵاتەکەی داوە، هەموو ئەو بەلەمە ئێرانییانەی خەریکی مینڕێژکردنن لە گەرووی هورمز، بکەنە ئامانج و لەناویان بەرن.

ترەمپ لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی خۆی (تروس سۆشیاڵ) نووسیویەتی، "من فەرمانم بە هێزی دەریایی ویلایەتە یەکگرتووەکان داوە هەر بەلەمێک... کە خەریکی مینڕێژکردنە لە ئاوەکانی گەرووی هورمزدا، بکەنە ئامانج و تێکیبشکێنن. نابێت هیچ گومانێک هەبێت".

وتیشێ، "هەموو کەشتییەکانی هێزی دەریایی ئەوان (ئێران)، کە ١٥٩ کەشتییە، لە بنی دەریادان".

ترەمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەمریکا خەریکی پاککردنەوەی ئەو ڕێڕەوە ئاوییەیە و دەڵێت: "تیمەکانی ئێمە هەر ئێستا خەریکی پاککردنەوەی گەرووەکەن. بەمەش فەرمان دەدەم ئەم چالاکییە بەردەوام بێت، بەڵام بە ئاستێکی سێ هێندە زیاتر!"

ئەم لێدوانانەی ترەمپ لەکاتێکدایە، کە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا کەمێک پێش ئێستا ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی واشنتۆن پۆستی بە «ناڕاست» وەسف کرد. واشنتۆن پۆست لە ڕاپۆرتەکەیدا باسی ئەوەی کردبوو کە پێنتاگۆن پێشبینی دەکات پاککردنەوەی تەواوەتی گەرووی هورمز لەو مینانەی ئێران چاندوویەتی، ڕەنگە شەش مانگ بخایەنێت.




PM:04:16:23/04/2026