ئێران سزای بەسەر سێ ژنە خۆپیشاندەردا سەپاند


دەنگی دەستگیرکراوانی کورد و ئێران دەربارەی سزادانی ٣ ژنی ئێران لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە ڕاپۆرتێکی بڵاوکردەوە.

پێنج شەممە، ٢٣ نیسان ٢٠٢٦، لە راپۆرتەکەدا هاتووە فاتیمە عەباسی تەمەن ٣٤ ساڵ کە یەکێکە  لە دەستگیرکراوەکانی خۆپیشاندانەکانی ئێران لەلایەن لقی ٣٩ـی دادگای باڵای ئێرانەوە سزای ٢٥ ساڵ زیندانییکردنی بەسەردا سەپێندراوە و بۆ جێبەجێکردنی سزای زیندانییەکەی ڕەوانەی زیندانی ئێڤین کراوە، بەبێ ئەوەی لەسەر ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی کراون بەڵگەی ڕوون هەبێت.

هەر لە راپۆرتەکەدا باس لەوەکراوە " لەلایەن لقی ١٠١ـی دادگای شۆڕشی شیراز بە تۆمەتی تێکدانی ئاسایشی گشتی سزای ساڵیک و ٧٤ قامچی لێدان بەسەر مەریەم دەریسی سەپێندرا، هەروەها بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی نەتەوە و گردبوونەوە سزای ٦ ساڵ زیندانییکردنی بەسەر فەریبا حسێنی سەپێندرا".

بە پێی زانیارییەکان"ئەو دوو ژنە لەکاتی سەرهەڵدانی ناڕەزایەتییەکانی ئەم دواییەیی گەلانی ئێران لە شیراز لەلایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتی ئێران دەستبەسەر کران".

لە دوای خۆپیشاندانەکانی ٢٨ کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی بەردەوامە لە گرتن و لە سێدارەدانی هاوڵاتیان.





PM:07:49:23/04/2026