ناتنیاهۆ: لەگەڵ ترەمپ فشار دەخەینە سەر ئێران و ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین


سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە نوێترین لێدوانیدا دەربارەی ئایندەی ناوچەکە و ململانێ سەربازییەکان، ڕایگەیاند " ئیسرائیل هەنگاوی مێژووی دەستپێکردووە و بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ ئەمریکا کار دەکات".

 بنیامین ناتنیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رۆژی هەینی ٢٤ ی نیسان وەک میدیاکانی ئیسرائیل گواستوویانتەوە، لە بارەی پەیوەندیەکانی لەگەڵ ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا و هاوئاهەنگیان لە شەڕی ئێراندا دەڵێت" پەیوەندییەکی تەلەفۆنی ناوازەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کرد".

هەروەها وتیشی" سەرۆک ترەمپ فشارێکی ئابووری و سەربازی زۆر بەهێز تر دەخاتە سەر ئێران و ئێمەش لەسەر هەردوو دۆسیەی ئێران و لوبنان، بە هەماهەنگییەکی تەواو لەگەڵ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کار دەکەین."

 لە بارەی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ لوبنان و شەڕی حزبوڵڵا سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل دەڵێت" دەستمان بە ڕێڕەوێکی سیاسی کردووە بۆ بەدیهێنانی (ئاشتییەکی مێژوویی) لە نێوان ئیسرائیل و لوبناندا" هاوکات حزبوڵڵای تۆمەتبار کرد بەوەی کە بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئەو پرۆسەیە دەدات"، جەختی لەسەر ئەوەش کردەوە کە بەردەوامی دەدەن بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان و لەمبارەیەوە رایگەیاند" دوێنێ و ئەمڕۆ هێرشی چڕمان کردووەتە سەر حزبوڵڵا و سوورین لەسەر ئەوەی ئاسایش بۆ دانیشتووانی باکووری ئیسرائیل بگەڕێنینەوە."

لە بارەی ناوچەکەوە، نتانیاهۆ جەختی لەسەر ستراتیژیی نوێی وڵاتەکەی کردەوە و ڕایگەیاند "من بەڵێنم پێدابوون کە ڕوخساری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین، ئەوەی ئێستا دەیکەین ڕێک جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەیە."

ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە لە ئاستێکی بەرزدان و ئەگەری سەرلەنوێ هەڵگیرسانی خوولێکی تری شەڕی نێوان ئەمەریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران بە دوور نازانرێت.




PM:06:39:24/04/2026