سەرۆکی ئەمریکا، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ ئاژانسی "ڕۆیتەرز" لە ڕێکەوتی ٢٤ـی نیسانی ٢٠٢٦، ئاشکرای کرد کە کۆماری ئیسلامیی ئێران ئارەزوویەکی زۆری نیشانداوە بۆ دەسپێکردنی دانوستانی ڕاستەوخۆ.
بە وتەی دۆناڵد ترەمپ، ئەم هەوڵە نوێیەی تاران بە مەبەستی گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی گشتگیر کە کۆتایی بەو گرژییە توندانە بهێنێت کە ناوچەکەی گرتووەتەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە بەرپرسانی ئێران ئێستا سەرقاڵی ئامادەکردنی پێشنیازێکی نوێن بۆ ئەوەی بیخەنە بەردەم کۆشکی سپی. ترەمپ جەختی کردەوە کە ناوەڕۆکی ئەم پێشنیازە بە جۆرێک داڕێژراوە کە سەرجەم ئەو داواکارییانە جێبەجێ دەکات کە واشنتن پێشتر وەک مەرجی سەرەکی بۆ ڕێککەوتن خستبوونیە ڕوو.
سەبارەت بە شێوازی بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان، ترەمپ زانیاریی گرنگی خستە ڕوو و ڕایگەیاند'' نوێنەرانی ئەمریکا ئێستا ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ ئەو کەسانەدا دەکەن کە لە ناو تاراندا "جڵەوی دەسەڵات و بڕیاردان"ـیان بەدەستەوەیە.''
ئەمەش ئاماژەیەکە بۆ ئەوەی کە دانوستانەکان لە ئاستێکی باڵادان و ئەو لایەنانەی بەشدارن توانای جێبەجێکردنی بەڵێنەکانیان هەیە.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ نیشانەی ئەوەن کە فشارە توندەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ئێران گەیشتوونەتە قۆناغی چنینی بەرهەمە سیاسییەکان. سەرۆکی ئەمریکا گەشبینی خۆی نیشاندا کە ئەمجارە تاران جیدییە لەوەی بگاتە ڕێککەوتنێک کە جێگەی ڕەزامەندی کۆشکی سپی بێت و بەرژەوەندییە ستراتیژییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بپارێزێت.