ماڵپەری "تێچووی جەنگی ئێران" ی ئەمریکی تێچووی ٥٥ ڕۆژی جەنگی ئەمریکای لە بەرامبەر ئێراندا بڵاوکردەوە و دەڵێت "لە هەر چرکەیەکدا زیاتر لە ١١ هەزار و ٥٠٠ دۆلار لە خەزێنەی ئەمریکا خەرج دەکرێت".
شەممە، ٢٥ نیسان ٢٠٢٦، ئەمڕۆ ٥٧ رۆژ تێدەپەرێت بەسەر هێرشێ ئەمریکا و ئیسرائیل بۆسەر ئێران و ئێستا جیهان چاوەڕێی گەڕی دووەمی دانوستاندنی نێوان ئەمریکا و ئێرانە لە پاکستان، بە پێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "تێچووی جەنگی ئێران" ی ئەمریکی تەنها لە ماوەی ٥٥ ڕۆژدا ئەژمارکردنی تێچووەکان خەرجی کارمەندان، کەشتییە جەنگییە جێگیرکراوەکان لە ناوچەکە و سەرجەم خەرجییەکانی پەیوەست بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان دەگرێتەوە. ئەم میتۆدی هەژمارکردنە پشت بە راپۆرتێکی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) دەبەستێت کە پێشکەشی کۆنگرێس کراوە، تێیدا هاتووە تێچووی شەش رۆژی یەکەم ١١.٣ ملیار دۆلار بووە، دواتر تێچووەکە بۆ نزیکەی یەک ملیار دۆلار لە رۆژێکدا بەرزبووەتەوە.
وەزارەتی دارایی ئیسرائیل خەمڵاندنێکی سەرەتایی بۆ تێچووی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر" دژی ئێران بڵاوکردەوە و رایگەیاند "جەنگەکە نزیکەی ٣٥ ملیار شیکڵ (١١.٥ ملیار دۆلار) تێچووی حکومی راستەوخۆی هەبووە، ئەم بڕە پارەیەش خراوەتە ناو بودجەی ساڵی ٢٠٢٦ـی دەوڵەتەوە".
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ٢٨ شوبات ٢٠٢٦، دەستیپێکرد و لە ٨ نیسانەوە ئاگربەست راگەیاندراوە و چاوەڕوان دەکرێت رۆژی یەک شەممە، ٢٦ نیسان لە ئیسلام ئاباد گەڕی دووەمی دانوستاندنەکان بەڕێوەبچن.