شەممە ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە لێدوانێکی کتوپڕدا بۆ تەلەفزیۆنی "فۆکس نیوز" ڕایگەیاند'' بە شێوەیەکی تاکلایەنە گەشتی ستیڤ ویتکۆف و جارید کوشنەری بۆ پاکستان هەڵوەشاندووەتەوە.''
ئەم شاندە بڕیار بوو بۆ ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستانەکان لەگەڵ ئێرانییەکان بچنە ئیسلام ئاباد، بەڵام ترەمپ لە کاتی ئامادەکارییان بۆ بەڕێکەوتن، ڕێگری لێ کردوون.
ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا وردەکاریی بڕیارەکەی ئاشکرا کرد و وتی'' پێم گوتن نەخێر، ئێوە گەشتێکی ١٨ کاتژمێری بۆ ئەوێ ئەنجام نادەن تەنیا بۆ ئەوەی لەوێ دابنیشن و قسەی بێسوود بکەن."
سەرۆکی ئەمریکا پێیوایە واشنتن لە پێگەیەکی زۆر بەهێزدایە و هەموو کارتەکانی فشار لای ئەوانە، بۆیە پێویست ناکات تیمەکەی ماندوو بکات بە گەشتە دوور و درێژەکانەوە.
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان ئەگەر بیانەوێت، دەتوانن هەر کاتێک بێت پەیوەندییان پێوە بکەن و دەکرێت دانوستانەکان لە ڕێگەی تەلەفۆنەوە ئەنجام بدرێن. ترەمپ جەختی کردەوە کە "ئێمە ناچین بۆ ئەوەی تەنیا لەوێ دابنیشین،" ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە واشنتن چاوەڕێی هەنگاوی جیدی و پێشنیازی کۆنکرێتی لە تاران دەکات، نەک تەنیا کۆبوونەوەی پرۆتۆکۆڵی.