واشنتن سزای نوێ بەسەر ٣٥ کەسایەتی و قەوارەی ئێرانییدا دەسەپێنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمریکا گەڕێکی نوێی سزاکانی ڕاگەیاند، کە تێیدا ٣٥ قەوارە و کەسایەتی ئێرانی کردووەتە ئامانج.

ئەم بڕیارە وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە هەوڵەکانی ئەو لایەنانە دێت بۆ خۆدزینەوە لە سزاکانی پێشوو، هاوکات واشنتن تۆمەتباریان دەکات کە ئەو داهاتانەی دەستیان دەکەوێت بۆ پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ئێران بەکاریدەهێنن.

لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا، حکومەتی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی کۆمپانیا و وڵاتانی جیهان کرد و ڕایگەیاند، هەر لایەنێک پارە بە ئێران بدات لە بەرامبەر تێپەڕین بە گەرووی هورمزدا، ڕووبەڕوی سزای قورسی دارایی دەبێتەوە. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە هەوڵەکانی واشنتن بۆ وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی تاران و توندکردنەوەی گەمارۆکان لەسەر ڕێڕەوە ئاوییە ستراتیژییەکان.

ئەم بڕیارە تەنها چوار ڕۆژ دوای هۆشدارییەکانی سکۆت بیسنێت، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا دێت، کە پێشتر ڕایگەیاندبوو هەر کەشتییەک یان کەسێک ئاسانکاری بۆ گواستنەوە و فرۆشتنی نەوتی ئێران بکات، ناوی دەخرێتە لیستی ڕەشی سزاکانەوە. بەمەش فشارە ئابوورییەکانی ئەمریکا بۆ سەر کەرتی وزە و بازرگانی ئێران پێ دەنێتە قۆناغێکی نوێ و توندترەوە.



PM:10:37:28/04/2026