ترەمپ نوێترین پێشنیاری ئێران بۆ ئاشتی رەتدەکاتەوە


سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی نوێترین پێشنیازی ئێرانی بۆ کۆتاییهێنان بە چەقبەستوویی لە ناوچەکەدا ڕەتکردەوە و جەختی لە بەردەوامیی گەمارۆی هەمەلایەنەی دەریایی و ئاسمانی کردەوە تا ئەو کاتەی ئێران بە تەواوەتی لە دۆسیەی ئەتۆمیدا رادەست دەکات.

رۆژی چوار شەممە ٢٩ ی نیسان ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرایکردووە کە ئێران ئەم هەفتەیە پێشنیازێکی خستووەتە ڕوو، تێیدا ئامادەیی نیشانداوە دەستبەجێ گەرووی هورمز بکاتەوە و ئاسایشی کەشتیوانی جیهانی بپارێزێت، لە بەرامبەردا ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران هەڵبگرێت و گفتوگۆکانی تایبەت بە بەرنامەی ئەتۆمی دوابخات.

سەرۆکی ئەمریکا هەرزوو ئەم پێشنیارەی رەتکردەوەو وتی " بە هیچ جۆرێک ڕازی نابێت بە هەڵگرتنی گەمارۆکان، یان پێدانی هیچ ئیمتیازێکی ئابووری، مەگەر ئێران بە شێوەیەکی کۆتایی و ڕیشەیی واز لە تەماحە ئەتۆمییەکانی بهێنێت و جەختیکردەوە "نابێت چەکی ئەتۆمییان هەبێت."

لە لێدوانێکی سەرنجڕاکێشدا کە گوزارشت لە ستراتیژی ئیدارەی ئێستا دەکات، ترەمپ وتی " گەمارۆدان تا ڕادەیەک کاریگەرتری هەیە لە بۆردومانکردن"، ئاماژەی بەوەش کرد کە گوشاری ئابووری و سەربازیی بێدەنگ ئەنجامێکی خراپتری بۆ ئەوان دەبێت وەک لە ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیی ڕاستەوخۆ؛ ئەمەش سووربوونی ئەو نیشان دەدات لەسەر گرتنەبەری سیاسەتی "خنکاندن" وەک جێگرەوەیەک بۆ هێرشی ئاسمانی چڕ.

 واشنتۆن ئەو بەشەی پێشنیازەکەی ئێرانی ڕەتکردەوە کە پەیوەندی بە دواخستنی دۆسیەی ئەتۆمییەوە هەبوو؛ چونکە باڵی "هەڵۆکان" لە ئیدارەی ئەمریکا پێیان وایە تاران دەیەوێت کات بەدەست بهێنێت بۆ چەسپاندنی دەستکەوتە ئەتۆمییەکانی لەژێر پەردەی ئاسانکاری بۆ کەشتیوانی لە گەرووی هورمزدا.

ئەوە لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئێران هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازی لە ئەمەریکا کرد لە حاڵەتی بەردەوامی گەمارۆی سەر کەناراوەکانی ئێران و گەرووی هورمز.




PM:10:50:29/04/2026