مستەفا نیلی، پارێزەری نێرگس محەمەدی، لە کەناڵی ئێکس کەناڵدا ڕایگەیاند" نەرگس بەهۆی دابەزینی کتوپڕی پەستانی خوێن لە زیندانی زەنجان بێهۆش بووە و بەپەلە لەسەر ڕاوێژکاری پزیشکانی زیندان گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانە و لە بەشی چاودێری چڕ خەوێندراوە".
دەزگای نێرگس محەممەدی پێش ئەم ڕووداوە هۆشداری دابوو کە باری جەستەیی گەیشتووەتە قۆناغێکی ناجێگیر و سەرەڕای ڕاسپاردەی پزیشکی دادوەری بۆ ڕاگرتنی جێبەجێکردنی حوکمەکە و وەرگرتنی چارەسەری خێرا، پڕۆسەی گواستنەوەی و چارەسەری پزیشکی سنووردار بووە و دواکەوتووە.
بە وتەی پارێزەری محەممەدی، کۆمیسیۆنی پزیشکی دادوەری پارێزگای زەنجان پێشنیاری ڕاگرتنی یەک مانگ لە جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ پڕۆسەی چارەسەری کردووە، بەڵام ئەم بڕیارە بە پێی ڕەزامەندی داواکاری گشتیی تارانە و تا ئێستا جێبەجێ نەکراوە.
هەروەها ڕاپۆرتەکان لەسەر بارودۆخی نێرگس محەمەدی باس لەوە دەکەن کە بەبێ ڕەچاوکردنی پرەنسیپی جیاکردنەوەی تاوانەکان و شانبەشانی زیندانیانی تاوانی توندوتیژی لە زیندان ڕاگیراوە.
نێرگس محەمەدی پێشتر لە چەندین دۆسیەی یاساییدا سزای قورسی بەسەردا سەپێنراوە، لەوانە زیندانی درێژخایەن و دەربەدەری و سزای زیادە و بە گشتی ڕووبەڕووی چەندین سزا بووەتەوە.
لە ساڵی ٢٠٢٣ خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی وەرگرتووە بەهۆی چالاکییەکانی و خەباتی بۆ مافەکانی مرۆڤ و ئازادی.