هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران لە پەیامێکی فەرمیدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە دەستخۆشی لە کاپتن و خاوەن کەشتییەکان لە کەنداوی فارس و دەریای عومان کرد بۆ پابەندبوونیان بە ڕێسا و پڕۆتۆکۆڵە دەریاییەکانی ئێران لە گەرووی هورمز.
ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم هاوکارییە ڕۆڵی هەبووە لە پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی ناوچەکەدا، هاوکات جەختی لەوەش کردەوە کە لەگەڵ پووچەڵکردنەوەی هەڕەشەی دەستدرێژیکاران و جێبەجێکردنی ڕێکارە نوێیەکان هاتوچۆیەکی ئارام و سەقامگیر لەو ڕێڕەوە گرنگەدا مسۆگەر دەکرێت.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی تاران لە کاتێکدایە کە ئاماژەکانی کۆتاییهاتنی گرژییەکان زیاتر بوون و هێزی دەریایی ئێران جەخت لەوە دەکاتەوە کە قۆناغی دوای جەنگ قۆناغی گەڕانەوەی سەقامگیری دەبێت بۆ گەرووی هورمز.
ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە پڕۆتۆکۆڵە نوێیەکان دەبنە بنەمایەک بۆ ڕێکخستنەوەی جوڵەی کەشتییەکان بە جۆرێک کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی وڵاتەکەیان پارێزراو بێت و لە هەمان کاتدا ڕێگری لە هەر ئاڵۆزییەکی نوێ بگرێت کە کاریگەری بکاتە سەر بازرگانی جیهانی.
هاوکات پێگەی ئەکسیۆس ئاشکرای کردووە، پێشکەوتنی گەورە لە دانوستانە نهێنییەکانی نێوان واشنتن و تاران بەدیهاتووە و هەردوولا لە واژۆکردنی یاداشتێکی لێکتێگەیشتن بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ نزیکبوونەتەوە.