ترەمپ: ١٠٠٪ دڵنیام کە ئێران یۆرانیۆمەکەی رادەستی ئەمریکا دەکات

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند کە "١٠٠٪" دڵنیایە لەوەی ئێران پیتاندنی یۆرانیۆم ڕادەگرێت و کۆگای یۆرانیۆمەکەی ڕادەستی ئەمریکا دەکات.

ئەو لە گفتوگۆیەکدا ڕایگەیاند کە ئێرانییەکان بەڵێنیان داوە پیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرن: "ئەوان بڕیارە ڕایبگرن، و پێیان وتم کە 'تۆزەکە'مان پێ دەدەن."

"تۆز" (Dust) زاراوەیەکە کە ترەمپ چەندین جار بۆ ئاماژەدان بە یۆرانیۆمی پیتێنراو بەکاری هێناوە، ئەوەش دوای هێرشەکانی ئەمریکا لە (٢٢ی حوزەیرانی) ساڵی ڕابردوو بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکانی ئێران لە میانی جەنگی ١٢ ڕۆژەدا.

سەرۆکی ئەمریکا لە بەشێکی تری ئەم گفتوگۆ ڕادیۆییەدا وتی: "پێویست ناکات بۆ هیچ شتێک پەلە بکەین. ئێمە گەمارۆیەکی وەهامان هەیە کە هیچ پارەیەکی بۆ ئەوان نەهێشتووەتەوە. پرسەکە زۆر سادەیە: ئێمە ناتوانین ڕێگەیان پێ بدەین چەکی ئەتۆمییان هەبێت، چونکە بەکاری دەهێنن."




PM:08:11:12/05/2026