ئێران پەنای بردوەتە بەر کۆڵبەرەکان بۆ گواستنەوەی دوو مادەی خاو

‌ئەرشیف

ئاژانسی تەسنیم هەواڵێکی بڵاوکردوەتەوە کە تیایدا هاتووە "وەزارەتی پیشەسازی و بازرگانیی ئێران بڕیاریدا بۆ یەکەمجار رێگا بە هاوردەکردنی ماددەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگای کۆڵبەر و دەریاوە  بدات"، کە بۆیەکمجارە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا کارێکی لەم شێوەیە دەکرێت بە یاسایی. 

چوار شەممە، ٢٠ ئایار ٢٠٢٦، لە هەواڵەکەی ئاژانسە ئێرانیەکەدا هاتووە "نێرگس باقری زومرودی، بەڕێوەبەری گشتیی فەرمانگەی یاساکانی هەناردە و هاوردە لە وەزارەتی پیشەسازی، لە نامەیەکدا بۆ گومرگ، هاوردەکردنی کەرەستەی خاوی پێترۆکیمیایی و پۆلیمەری لە رێگای کۆڵبەری و مەلەوانەوە بە یاسایی و رێگەپێدراو ناساندووە".

میدیاکانی ئێران باس لەوە دەکەن کە ئەم مۆڵەتە وەک هەوڵێکە بۆ چارەسەرکردنی کەمیی مادەی خاو لە بازاڕەکانی ئێراندا، کە لە مانگەکانی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە. ئامانج لێی بەردەوامبوونی چالاکییە پیشەسازییەکانی وڵاتەکەیە کە بەهۆی جەنگەوە پەککەوتوون.

کاری کۆڵبەری زیاتر لەلایەن خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانەوە بەهۆی سەختی ژیان و داڕمانی ئابورییەوە ئەنجامدەدرێت، جگە لە گواستنەوەی کەلوپەل لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان (هەرێمی کوردستان)، لە باشوری ئێرانیشدا کاری کۆڵبەری ئەنجام دەدرێت.





PM:10:36:20/05/2026