سەرۆکی ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاند'' وڵاتەکەی لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی ڕێککەوتن بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ و ئاشتی لە ناوچەکەدا، و ئاشکرای کرد کە بەم زووانە وردەکارییەکانی بڵاودەکرێنەوە.''
دۆالد ترەمپ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ترووس سۆشیاڵ" نووسیویەتی'' بە دانوستاندن بەشێکی زۆری ڕێککەوتنەکە یەکلاکراوەتەوە، ئێستاش چاوەڕێی پەسندکردنی کۆتاییە لە نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ناوچەکە"
سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوەش کردووە کە لە ناو نووسینگەی هێلکەیی کۆشکی سپییەوە، زنجیرەیەک پەیوەندیی تەلەفۆنیی "زۆر باش و ئەرێنی" لەگەڵ سەرکردەکانی ناوچەکە ئەنجامداوە، لەوانەش، محەممەد بن سەلمان (سعوودیە)، محەممەد بن زاید (ئیمارات)، ئەمیر تەمیم بن حەمەد و سەرۆکوەزیران محەممەد بن عەبدولڕەحمان و وەزیر عەلی ئەلسەوادی (قەتەر)، سوپاسالار عاسم مونیر (پاکستان)، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان (تورکیا)، عەبدولفەتاح سیسی (میسر)، شا عەبدوڵڵای دووەم (ئوردن) و شا حەمەد بن عیسا (بەحرەین)
ترەمپ ڕوونی کردووەتەوە کە تەوەرە سەرەکییەکانی ئەو گفتوگۆیانە تایبەت بوون بە پرسی کۆماری ئیسلامیی ئێران و گەیشتن بە لێکتێگەیشتنێکی گشتگیر بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا
سەبارەت بە هەڵوێستی تەلئەڤیڤ، ترەمپ ڕایگەیاند'' بە جیا، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیم بە سەرۆکوەزیران بیبی نەتەنیاهۆوە لە ئیسرائیل کرد، کە ئەوەش بە هەمان شێوە زۆر باش بوو"
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دۆناڵد ترەمپ مژدەی کۆتاییهاتنی ئابڵۆقە دەریاییەکان دەدات و دەڵێت'' ئێستا دوایین لایەن و وردەکارییەکانی ڕێککەوتنەکە تاوتوێ دەکرێن و بەم زووانە ڕادەگەیێندرێن، وەک بەشێک لە خاڵە زۆرەکانی دیکەی ڕێککەوتنەکە، تەنگەی هورمز دەکرێتەوە"