وردەکاری رێککەوتنی نێوان ئەمەریکاو ئێران


ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" لە زاری بەرپرسێکی ئەمریکییەوە بڵاوی کردەوە، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە سەروبەندی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکن کە تێیدا ئاگربەست بۆ ماوەی ٦٠ ڕۆژ درێژ دەکرێتەوە و لەو ماوەیەدا گەرووی هورمز دەکرێتەوە.

بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران دەتوانێت بە ئازادی نەوت بفرۆشێت و وتووێژیش دەکرێت بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران.
هەر بەپێی ڕاپۆرتەکەی "ئەکسیۆس"، لەو ماوەی ٦٠ ڕۆژەدا گەرووی هورمز بەبێ وەرگرتنی هیچ باج و ڕسووماتێک دەکرێتەوە، هەروەها ئێران ڕازی بووە ئەو مینانە لابدات کە لە گەرووەکەدا چاندوویەتی بۆ ئەوەی ڕێگە بە کەشتییەکان بدرێت بە ئازادی هاتوچۆ بکەن.

لە بەرامبەردا، وەک بەشێک لە ڕێککەوتنە پێشنیارکراوەکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا گەمارۆی سەر بەندەرەکانی ئێران لادەبات و هەندێک بەخشین لە سزاکان (Exemptions) دەردەکات بۆ ئەوەی ڕێگە بە ئێران بدات بە ئازادی نەوت بفرۆشێت.

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە چەند پابەندییەکی بۆ ئێرانی تێدایە، لەوانە: بەڵێن بدات کە هەرگیز هەوڵی بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی نەدات، دانوستان بکات لەسەر ڕاگرتنی بەرنامەی پیتاندنی یۆرانیۆم و نەهێشتنی کۆگاکانی یۆرانیۆمی زۆر پیتێنراو.
دوو سەرچاوە بە "ئەکسیۆس"یان ڕاگەیاندووە کە ئێران لە ڕێگەی نێوەندگیرەکانەوە، بەڵێنی زارەکیی بە ئەمریکا داوە سەبارەت بە قەبارەی ئەو سازشانەی کە ئامادەیە لە پرسی ڕاگرتنی پیتاندن و وازهێنان لە ماددە ئەتۆمییەکان پێشکەشی بکات.

هەروەها ڕاپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕازی دەبێت لەو ماوەی ٦٠ ڕۆژەدا دانوستان بکات لەسەر هەڵگرتنی سزاکان و ئازادکردنی پارە سڕکراوەکانی ئێران.




AM:09:11:24/05/2026