ترەمپ: هیچ کەس دەقی رێککەوتنەکەی لەگەڵ ئێران نەبینوە و نازانێت چییە

سەرۆکی ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە لە دووەم پەیامی خۆیدا سەبارەت بە پرۆسەی دانوستانەکان لەگەڵ ئێران، دڵنیایی دا کە ئەگەری رێککەوتنی لەگەڵ ئێران "باش و دروست" دەبێت، بەڵام هیچ کەسێک زانیاری لەسەر ناوەڕۆکەکەی نییە.

دۆناڵد ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، (ترووس سۆشیاڵ)، نووسیویەتی، "ئەگەر من لەگەڵ ئێران ڕێککەوتنێک بکەم، ڕێککەوتنێکی باش و دروست دەبێت؛ نەک وەک ئەو ڕێککەوتنەی ئۆباما کردی، ئەو ڕێککەوتنەی کە بڕێکی زۆر پارەی کاشی بەخشی بە ئێران و ڕێگەیەکی ڕوون و کراوەی بۆ دەستڕاگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی دابین کرد."

ئاماژەکەی ترامپ بۆ ڕێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ۲۰۱۵یە کە بە "برجام" ناسراوە، کە خۆی لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتیەکەیدا ویلایەتە یەکگرتووەکانی لێ کشاندەوە.

سەرۆکی ئەمریکا وتیشی، "ڕێککەوتنەکەی ئێمە ڕێک پێچەوانەی ئەوەیە، بەڵام هیچ کەسێک نەیبینوە و کەس نازانێت چییە. تەنانەت هێشتا بە تەواویش دانوستانی لەسەر نەکراوە. بۆیە گوێ لەو دۆڕاوانە مەگرن کە ڕەخنە لە شتێک دەگرن کە هیچ زانیارییەکیان لەسەری نییە."

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە هەندێک لە سیاسییەکانی پارتی کۆماری و بەرپرسانی باڵای خولی یەکەمی حکومەتەکەی دۆناڵد ترامپ، ڕەخنەیان لە ئەگەری ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران گرتووە بۆ کۆتایی هێنان بە شەڕ.

هەندێک لە میدیاکان، لەوانەش ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) ڕایانگەیاندووە کە حکومەتی ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکان لە واژۆکردنی "یادداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتنی ۶۰ ڕۆژە" نزیک بوونەتەوە، کە دەکرێت ئاگربەستەکە درێژ بکاتەوە، ببێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز و دەرگا بۆ خولێکی نوێی دانوستانە ئەتۆمییەکان بکاتەوە.

سەرۆکی ئەمریکا چەند کاتژمێرێک لەمەوبەر لە پەیامێکی تریدا نووسیبووی کە بە نوێنەرانی خۆی ڕاگەیاندووە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران پەلە نەکەن، چونکە بە وتەی ئەو "کات لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە".

ئەو هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران تا کاتی واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە بە تەواوی بەردەوام دەبێت. ئەم گەمارۆیە چەند ڕۆژێک دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست بە فەرمانی ئەو دەستیپێکرد و تا ئێستاش بەردەوامە. ئێران داوای لابردنی گەمارۆکەی ئەمریکا دەکات.





PM:11:25:24/05/2026