لەگەڵ چڕبوونەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ناوچەکە، سەرچاوە ئاگادارە ئێرانی و ئەمریکییەکان پەرەسەندنی نوێ و گرنگ لەبارەی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرا دەکەن کە تێیدا دۆوحە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت
سەرچاوە ئێرانییە ئاگادارەکان ڕایانگەیاندووە'' محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ئەمڕۆ دووشەممە بە سەردانێکی فەرمی گەیشتوونەتە دەوحەی پایتەختی قەتەر و لەگەڵ شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی، میری قەتەر کۆبوونەوەیەکی گرنگیان ئەنجامداوە.'' ئەم سەردانەش بە یەکێک لە دوایین هەنگاوەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ڕێککەوتنی سەرەتایی لەگەڵ ئەمریکا دادەنرێت
بەپێی زانیارییەکانی ئەو سەرچاوانە، تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکانی قالیباف و عێراقچی لەگەڵ میری قەتەر بریتی بوون لە میکانیزمی کۆتاییهێنان بە شەڕ لە سەرتاسەری ناوچەکە بە لوبنانیشەوە، لەگەڵ کابوێکردنی پرسی کردنەوەی گەرووی هورمز و هەڵگرتنی سزا و گەمارۆ ئابوورییەکان لەسەر سامان و داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوە
لەلایەکی دیکەوە، بەرپرسانی ئەمریکا بە کەناڵی "سی ئێن ئێن"یان ڕاگەیاندووە، لە ئێستادا تەنیا ناکۆکی لەسەر داڕشتنی وشەسازیی تایبەت بە بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و شێوازی لابردنی گەمارۆکان بووەتە هۆی دواکوتنی ئیمزاکردنی ڕێککەوتنی کۆتایی، بەڵام گەشبینییەکی زۆر هەیە کە لە ماوەیەکی کورتدا ئەو کۆسپە تەکنیکییانەش چارەسەر بکرێن
هەر لەو چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی ئامادەبوونی شاندی ئێرانی لە قەتەر کە ئەندامانی دیاری تیمی دانوستانکاری تارانی تێدایە بە نیشانەیەکی زۆر ئەرێنی و گرنگ وەسف کردووە و ستایشی توانا و هەوڵە بەردەوامەکانی دۆوحەی کردووە لە نێوەندگیریی نێوان هەردوو وڵاتدا
بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی ئێن ئێن، واشنتۆن دەیەوێت پابەندبوونی تەواوی تاران بەدەستبهێنێت بۆ نەهێشتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی بەڕێژەی بەرز و ڕاگرتنی هەر هەوڵێک بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی، کە بەپێی زانیارییەکان، لایەنی ئێرانی لەسەرەتادا ڕەزامەندیی لەسەر ئەو مەرجانە دەربڕیوە