''لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی تاران و واشنتۆن ٢٤ ملیار دۆلاری بلۆککراوی ئێران خەرج دەکرێت''

میدیا فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران پەرەسەندنی نوێ و دەگمەن لەبارەی وردەکاریی دارایی ڕەشنووسی ڕێککەوتنی نێوان تاران و واشنتۆن ئاشکرا دەکەن و ڕادەگەیەنن'' خەرجکردنی بڕی ٢٤ ملیار دۆلار لە سامانە بلۆککراوەکانی ئێران وەک گرنگترین خاڵی لێکگەیشتنەکان دیاری کراوە''

ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە تیمی دانوستانکاری وڵاتەکەیەوە بڵاویکردەوە''خەرجکردنی نزیکەی ٢٤ ملیار دۆلار لە داراییە دەستبەسەرداگیراوەکانی ئێران لە دەرەوە، یەکێکە لە دیارترین بڕگە پێشنیازکراوەکانی ناو ڕەشنووسی لێکگەیشتنی نێوان تاران و واشنتۆن کە ئێستا گفتوگۆی چڕی لەسەر دەکرێت، بەپێی سەرچاوەکە.''

سەردانەکەی محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران بۆ دەوحە، بە مەبەستی گەیشتن بووە بە ڕێککەوتنی کۆتایی لەسەر میکانیزمی جێبەجێکردنی ئازادکردنی ئەو پارانە و بووەتە هۆی بەدیهێنانی پێشکەوتنی بەرچاو لە گفتوگۆ ناڕاستەوخۆکانی نێوان هەردوولادا کە بە نێوەندگیریی چڕی قەتەر بەڕێوەدەچێت

لەلایەکی دیکەوە، ئاژانسی "فارس"ی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، نێوەندگیرییەکەی قەتەر لە ئێستادا بە تەواوی چڕبووەتەوە لەسەر چارەسەرکردنی دۆسیەی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران، چونکە ئەمە وەک دواین خاڵی ناکۆک لە دانوستانەکاندا ماوەتەوە، ئاژانسەکە ڕوونکردنەوەی داوە کە لێکگەیشتنەکانی نێوان واشنتۆن و تاران، دوای چارەسەرکردنی زۆربەی دۆسیە ئەمنی و سیاسییەکان، لە قۆناغی کۆتایی خۆیان نزیکبوونەتەوە و ئێستا گفتوگۆکان تەنیا لەسەر میکانیزمەکانی خەرجکردنی پارەکان و مەرجەکانی جێبەجێکردنی لە چوارچێوەی ڕێککەوتنە پێشنیازکراوەکەدایە.

سەرچاوە ئابوورییەکان دەڵێن'' کۆی گشتیی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران لە دەرەوەی وڵات کە بەهۆی سزاکانەوە لە بانکە نێودەوڵەتییەکاندا دەستیان بەسەردا گیراوە لە نێوان ١٠٠ بۆ ١٢٠ ملیار دۆلار دەبێت، کە بریتین لە داهاتی فرۆشتنی نەوت و غاز.''

تاران خەرجکردنی ئەم پارانە وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ جێبەجێکردنی هەر لێکگەیشتنێک دادەنێت، دیارترین ئەو وڵاتانەشی کە دارایی ئێرانیان تێدا پارێزراوە بریتین لە چین بە نزیکەی ٢٠ ملیار دۆلار، هیندستان بە نزیکەی ٧ ملیار دۆلار، عێراق بە نزیکەی ٦ ملیار دۆلار (داهاتی هەناردەکردنی غاز و کارەبا)، وە کۆریای باشووریش بە ٦ ملیار دۆلار کە پێشتر لە چوارچێوەی لێکگەیشتنێکدا گواسترابووەوە بۆ بانکەکانی قەتەر.



PM:03:37:26/05/2026