ماڵپەڕی ئەکسیۆس ئاشکرایدەکات ئێران ئامادەیی بۆ واژۆکردنی رێککەوتنەکە دەربڕیوە،
کە تێیدا پابەند دەبێت بە لادانی مینەکانی گەرووی هورمز و بەستنی دانوستان لەسەر
پاشکۆی یۆرانیۆم لە بەرانبەر هەڵگرتنی گەمارۆ دەریاییەکان.
پێنجشەممە ٢٨ی ئایاری ٢٠٢٦، بەرپرسانی ئەمریکی و سەرچاوەیەکی ئاگاداری ناوچەکە
بە ماڵپەڕی ئەکسیۆسیان راگەیاندووە، دانوستانکارانی ئەمریکا و ئێران گەیشتوونەتە رێککەوتن
لەسەر یاداشتنامەیەکی لێکتێگەیشتن بۆ ماوەی ٦٠ رۆژ. ئەم یاداشتنامەیە ئامانج لێی
درێژکردنەوەی ئاگربەست و دەستپێکردنی دانوستانە لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران، بەڵام
تا ئێستا دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رەزامەندیی کۆتایی لەسەر نەداوە.
بەپێی راپۆرتەکە، مەرجەکانی رێککەوتنەکە تاوەکو رۆژی سێشەممە بە تەواوی یەکلا
بوونەتەوە. لایەنی ئێرانی بە دانوستانکارانی ئەمریکایان راگەیاندووە رەزامەندیی سەرکردایەتی
باڵای وڵاتەکەیان وەرگرتووە و ئامادەن بۆ واژۆکردن. لە بەرانبەردا، کاتێک تیمی
دانوستانکاری ئەمریکا وردەکارییەکانیان خستووەتە بەردەم دۆناڵد ترەمپ، ناوبراو رایگەیاندووە
کە "چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو بیری لێ بکاتەوە" و هێشتا واژۆی نەکردووە.
ئەکسیۆس ئاماژەی داوە، لە ناوەڕۆکی یاداشتنامە ٦٠ رۆژییەکەدا هاتووە، دەبێت
هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمزدا "بێ بەربەست" بێت؛ ئەمەش بە واتای
وەرنەگرتنی هیچ باجێک و دروستنەکردنی هیچ ئاستەنگێک دێت. هەروەها ئێران پابەند دەبێت
بەوەی لە ماوەی ٣٠ رۆژدا تەواوی مینە دەریاییەکانی نێو تەنگەکە لابدات. لە بەرانبەردا،
ئەمریکا گەمارۆ دەریاییەکانی سەر ئێران لادەبات، بەڵام ئەم هەنگاوە بە شێوەیەکی
هاوتەریب دەبێت لەگەڵ گەڕانەوەی جووڵەی کەشتییە بازرگانییەکان.
باسی لەوەش کردووە، یاداشتنامەکە پابەندبوونی ئێران لەخۆ دەگرێت بۆ ئەوەی بە
هیچ شێوەیەک بەدوای چەکی ئەتۆمیدا نەچێت. لە ماوەی ئەو ٦٠ رۆژەدا، لایەنەکان
دانوستان دەکەن لەسەر چۆنییەتی لەناوبردن یان رادەستکردنی پاشکۆی یۆرانیۆمی پیتێنراوی
ئاستی باڵای ئێران.
بەگوێرەی راپۆرتەکە، واشنتنیش بەڵێنی داوە، وەک بەشێک لە دانوستانەکان، پرسی
لادانی گەمارۆکان و ئازادکردنی داراییە بلۆککراوەکانی ئێران بخاتە سەر مێزی گفتوگۆ.
هەروەها باس لە دروستکردنی میکانیزمێک دەکرێت بۆ ئەوەی ئێران بتوانێت کاڵا و
هاوکارییە مرۆییەکان بە ئاسانی وەربگرێت.
ئەکسیۆس باسی لەوەش کرد، ئەم یاداشتنامەیە ئەگەر واژۆ بکرێت، بە گەورەترین
وەرچەرخانی دیپلۆماسی دادەنرێت لەوەتەی جەنگ دەستیپێکردووە. هەرچەندە ترەمپ و راوێژکارەکانی
پێشتریش چەندین جار وایانزانیوە نزیکن لە رێککەوتن، بەڵام ئەمجارە ئاماژەکان جددیترن
بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ چەکدارییەکان لە ناوچەکەدا.
هەروەها دوێنێ چوارشەممە، بەپێی ئەو بەڵگەنامە نا فەرمییەی کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی
ئێران بڵاوی کردووەتەوە، چەند خاڵێکی سەرەکی وەک بنەمای رێککەوتنی "ئیسلامئاباد"
دەستنیشان کراون؛ بەڵام کۆشکی سپی هەر زوو راپۆرتەکەی رەت کردەوە.