سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی تیمی دانوستانکاری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێرشێکی توند دەکاتە سەر پرۆسەی گفتوگۆ دیپلۆماسییەکان و ڕایدەگەیەنێت'' تاران دەستکەوتەکانی بە گفتوگۆ بەدەست ناهێنێت، بەڵکو لە ڕێگەی هێزی مووچەکەکانییەوە دەیانسەپێنێت.''
محەمەد باقر قاڵیباف، ئەمڕۆ هەینی لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ڕایگەیاند'' ئێمە دەستکەوتەکان بە گفتوگۆ بەدەست ناهێنین، بەڵکو بە مووشەکەکانمان دەیانسەپێنین، لە دانوستانەکانیشدا تەنیا ئەم ڕاستییەیان تێدەگەیەنین."
سەرۆکی تیمی دانوستانکاری ئێران جەختی لەسەر بێ متمانەیی تەواوی وڵاتەکەی بەرامبەر بە واشنتۆن و لایەنە ڕۆژئاواییەکان کردەوە و وتی'' هیچ متمانەیەکمان بە گەرەنتییەکان و قسەکانیان نییە، تەنیا ڕەفتار و کردەوەی سەر زەوی پێوەرن بۆ ئێمە، بۆیە هیچ هەنگاوێک پێش هەنگاوی لایەنی بەرامبەر نانێین."
ئەم بەرپرسە باڵایەی ئێران تێڕوانینی خۆی و وڵاتەکەی بۆ پرۆسەی ئاشتی و ڕێککەوتنی نێودەوڵەتی خستەڕوو و وتی'' براوەی هەر ڕێککەوتنێک، ئەو لایەنەیە کە لە ڕۆژی دواتری واژۆکردنی ڕێککەوتنەکەوە، باشتر خۆی بۆ جەنگی داهاتوو ئامادە دەکات."
ئەم لێدوانە ئاگرین و توندەی قاڵیباف لە کاتێکدایە کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا گرژیی سەربازیی بێپێشینە لە ناوچەی کەنداو لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوویدا، ئەم پەیامەش ئاماژەیەکی ڕوونە بۆ ئەوەی کە تاران تەنانەت لە کاتی هەبوونی ڕەشنووسی لێکگەیشتنیشدا، ئامادە نییە دەستبەرداری پەرەپێدانی توانا سەربازی و مووچەکییەکانی ببێت.