سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکەیەک و کەشتییەکی ئەمریکا

سوپای پاسدارانی ئێران چەندین هێرشی دەریایی و ئاسمانی کردە سەر هێزەکانی ئەمریکا و کەشتییەکی بازرگانی کە بە پێی راگەیەنراوەکەی سوپا لە تۆڵەی ئەو هێرشانە بووە کە لە لایەن واشنتۆنەوە کراونەتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئێران لەگەرووی هورمز.

ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، سەرەتای گرژییەکان لە درەنگانی شەوی رابردووەوە دەستی پێکردووە. لەو کاتەدا سوپای ئەمریکا بە مووشەکێکی ئاسمانی، کەشتییەکی نەوتی ئێرانی لە نزیک گەرووی هورمز کردووەتە ئامانج و بەو هۆیەوە زیان بە ژووری بزووێنەری کەشتییەکە گەیشتووە.

لەراگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە وەڵامی ئەمەدا، هێزە دەریاییەکانی سوپای پاسداران بە مووشەکی دەریایی هێرشیان کردووەتە سەر کەشتییەکی بازرگانی بە ناوی (بانایا) کە بە ئیسرائیلی-ئەمریکی ناسێنراوە، ئەمەش بە بیانووی پێشێلکردنی یاساکانی هاتوچۆ لە گەرووی هورمزدا.

هەروەها سوپای پاسداران ئاماژەی بەوەش کردووە، دوای ئەوەی ئەمریکا لە هێرشێکی دیکەدا تاوەرێکی پەیوەندییەکانی ئەوانی لە باشووری دوورگەی "قشم" کردووەتە ئامانج، هێزە ئاسمانییەکانیان هێرشێکی بەرفراوانیان دەستپێکردووە، ئەم هێرشە بە مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ سەر بنکەیەکی ئامادەکراوی فڕۆکە و هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە یەکێک لە وڵاتانی ناوچەکە کردووە، هاوکات بارەگای سەرەکیی فەرماندەیی گەشتی پێنجەمی هێزی دەریایی ئەمریکاش کراوەتە ئامانج.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا، سوپای پاسداران جەختی کردووەتەوە، پێشتر هۆشدارییاندابوو وەڵامەکانیان توندتر دەبێت و هێرشەکانی ئەمڕۆش سەلمێنەری ئەو بەڵێنەن، هەروەها پەیامێکی توندی ئاڕاستەی واشنتن کردووە و رایگەیاندووە "تێکدانی ئاسایشی گەرووی هورمز، باجێکی یەکجار قورس بۆ سوپای ئەمریکا بەدوای خۆیدا دەهێنێت."




AM:09:26:03/06/2026