وەزیری دەرەوەی ئێران
رەتیدەکاتەوە هیچ پێشکەوتنێک لە دانوستاندنەکانی تاران و واشنتندا هاتبێتە ئاراوە.
دەشڵێت، هێزە چەکدارەکانیان ئامادەیی تەواویان هەیە جەنگێکی درێژخایەن دەستپێبکەنەوە.
عەباس عێراقچی، وەزیری
دەرەوەی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا سەبارەت بە پڕۆسەی دانوستاندنی تاران و
واشنتۆن رایگەیاند، پەیوەندی لەگەڵ ئەمریکییەکان نەپچڕاوە و پەیام لەبارەی پێویستیی
راگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر بەیرووتی لوبنان ئاڵوگۆڕ کراوە، ''بەڵام هیچ پێشکەوتنێکی
بەرچاو لە رەوتی دانوستاندنەکاندا بەدینەهاتووە.''
پێچەوانەی قسەکانی عێراقچی،
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت، دانوستاندنەکانی ئاشتی لەگەڵ ئێراندا "زۆر
باش" بەڕێوەدەچن و پێشبینیی کرد، رەنگە لە کۆتایی هەفتەی داهاتوودا بگەنە رێککەوتنێک.
وەزیری دەرەوەی ئێران
ئاماژەی بە مەرجەکانی وڵاتەکەی کرد بۆ ئەگەری رێککەوتن لەگەڵ ئەمریکا و گوتی: ''گەڕانەوە
بۆ سەر مێزی دانوستاندن مەرجدارە بە دابینکردنی مافەکانی گەلی ئێران، کۆتاییهێنان
بە جەنگی لوبنان و راگرتنی گرژییەکان لە ناوچەکە.''
لە بەشێکی قسەکانیدا،
عەباس عێراقچی بە سەرۆکی ئەمریکای راگەیاند: ''ترەمپ ئەگەر ژیر بێت، هەرگیز ناگەڕێتەوە
بۆ جەنگ، چونکە ئێستا دۆخی سەربازیمان لە پێش دەستپێکردنی جەنگ باشترە.''
وەک وەزیری دەرەوەی ئێران
دەڵێت، وڵاتەکەی ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن بەردەوامی بە جەنگ
بدات و خاوەنی توانای سەربازیی پێویستن بۆ بەرەنگاربوونەوەی هەر هەڕەشەیەک لەلایەن
ئەمریکا و ئیسرائیلەوە.