ترەمپ: سنوردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانم کارێکی نانیشتمانییە

دۆناڵد ترەمپ، رەخنەی توند لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا دەگرێت بەهۆی دەنگدان لەسەر پرۆژەیاسایەک بۆ سنووردارکردنی دەسەڵاتە سەربازییەکانی لە هەڵگیرساندنی جەنگدا، و ئەو هەنگاوە بە "بێمانا و نانیشتمانی" وەسف دەکات.

ترەمپ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم بڕیارە رێک لە کاتێکدا دراوە کە لە قۆناغی کۆتایی دانوستانەکانیدا بووە بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، هاوکات بە توندی هێرش دەکاتە سەر دیموکراتەکان و ئەو چوار ئەندامەی پارتی کۆماری کە پشتگیریی پرۆژە یاساکەیان کردووە.

لە پەیامێکدا ترەمپ رایگەیاندووە، دیموکراتەکان بەهۆی رق و کینەوە پاڵنەریان بۆ ئەم کارە هەبووە و پێیان باشترە ئەمریکا شکست بهێنێت وەک لەوەی سەرکەوتنێکی دیکە بەو ببەخشن.

سەبارەت بەو چوار کۆمارییەش کە دەنگیان بە سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی داوە، ناوبراو بە "خۆدەرخەر" ناویان دەبات و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە بۆ ئەو کارەیان شەرم لە خۆیان بکەن.

کۆنگرێسمانەکانی ئەمریکا پشتیوانی لە بڕیاری سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی دۆناڵد ترەمپ دەکەن لە جەنگی دژی ئێران و جەخت دەکەنەوە بڕیاری جەنگ تەنیا لە دەسەڵاتی کۆنگرێسدایە.




PM:03:34:04/06/2026