ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای
لوبنانی، رێککەوتنی نێوان لوبنان و ئیسرائیلی بە شکست و خۆبەدەستەوەدان وەسف کرد و
جەختی لەوە کردەوە، چەکدارەکانی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی
گوندەکان لەژێر داگیرکاری و بۆردومانەکانی ئیسرائیلدا بن.
پێنجشەممە، ٤ی حوزەیرانی
٢٠٢٦، نەعیم قاسم، ئەمینداری گشتیی حیزبوڵای لوبنانی، لە وتەیەکدا ئاماژەی بەوە
کرد، با دەسەڵاتدارانی لوبنان کۆتایی بەو "سووکایەتییە بهێنن کە پێی دەوترێت
دانوستانی راستەوخۆ" لەگەڵ ئیسرائیل.
ئەمینداری گشتیی حیزبوڵا،
رێککەوتنی لوبنان و ئیسرائیلی وەک خۆبەدەستەوەدان و شکست هەژمار کرد. جەختی لەوە
کردەوە، کە پێویستە رێککەوتنی ئاگربەستەکە تەواوی لوبنان بگرێتەوە، نەک تەنیا
باشوور. هەروەها داوای کشانەوەی تەواوەتیی هێزەکانی ئیسرائیلی لە سەرجەم ناوچەکانی
باشووری وڵاتەکە کرد.
نەعیم قاسم ئاماژەی بەوەش
دا، کە چەکدارانی حیزبوڵا لە باشووری لوبنان ناکشێنەوە تا ئەو کاتەی گوندەکان لەژێر
داگیرکاری بۆردومانەکانی ئیسائیلدا بن.
هۆشداریشی دا کە
"باکووری ئیسرائیل ئارامی بە خۆیەوە نابینێت تا ئەو کاتەی گوندەکانی لوبنان بۆردومان
بکرێن و دانیشتووانەکەی بکوژرێن." وتیشی: "هەر جۆرە گرێدانێکی بوونی ئێمە
بە ئاگربەست یان کشانەوەی سوپای ئیسرائیلەوە رەتدەکەینەوە."
هەر ئەمڕۆ جۆزێف عۆن،
سەرۆکی لوبنان رایگەیاندبوو، رێکەوتنی ئاگربەست لەگەڵ ئیسرائیل، کە بە نێوەندگیری
ئەمریکا بە دەست هاتووە، رەنگە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دوای رەزامەندیی سەرجەم لایەنەکان
بچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها بڕیارە ئێوارەی
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی ئیسرائیل (کابینەی جەنگ) کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی رێککەوتنی
مەرجداری ئاگربەست، کە دوێنێ لە واشنتن پاش دوو رۆژ لە دانوستانی نێوان شاندەکانی
لوبنان و ئیسرائیل راگەیەندرا.
پێشتر، ئیسماعیل قائانی،
فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران، پێشوەختە مەرجەکانی بۆ وەڵامەکەی
حیزبوڵا راگەیاندبوو و ئاماژەی بەوە کردبوو، کە داواکارییە سەرەکییەکەی لوبنان ئەوەیە
ئیسرائیل بکشێتەوە بۆ ئەو پێگانەی کە پێش سەرهەڵدانی جەنگی ئەمریکی-ئیسرائیلی لە
دژی ئێران لە ٢٨ی شوباتی رابردوودا کۆنترۆڵی کردبوون.