تاران پێشنیارێکی ترەمپ بۆ دیدار لەگەڵ موجتەبا خامنەیی ڕەتدەکاتەوە

 وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس عێراقچی، هەر ئەگەرێکی سازدانی کۆبوونەوەی نێوان "موجتەبا خامنەیی" ڕێبەری باڵای ئێران و "دۆناڵد ترەمپ" سەرۆکی ئەمریکای ڕەتکردەوە و داوای کرد لە ئاست پێشنیارەکاندا "واقیعی بن".

ئەم کاردانەوەیەی تاران دوای ئەوە دێت، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "نیویۆرک پۆست" ئارەزووی خۆی بۆ بینینی ڕێبەری نوێی ئێران دەربڕیبوو. ترەمپ لە لێدوانەکەیدا وتبووی: "ئارەزوو دەکەم بیبینم، من حەز دەکەم هەمووان ببینم... ڕەنگە لە قۆناغێکی دیاریکراودا کۆببینەوە، ئەوەش بەگوێرەی گۆڕانکارییەکانی داهاتوو دەبێت."

لە بەرامبەردا، عەباس عێراقچی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا وێڕای ئاماژەدان بەوەی کە پێشنیارەکەی ترەمپی بینیوە، ڕایگەیاند: "پێویستە واقیعی بین، لە ئێستادا ئەگەرێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە."

ئەم ئاڵۆزییە دیپلۆماسییە لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی لە دوای کوژرانی باوکی (عەلی خامنەیی) لە ٢٨ی شوباتی ڕابردوو بە هێرشێکی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل، وەک ڕێبەری نوێی وڵات دەستبەکار بووە. هەرچەندە زیاتر لە سێ مانگە لەو پۆستەدایە، بەڵام تا ئێستا بە ئاشکرا لە شوێنە گشتییەکاندا دەرنەکەوتووە و تەنها لە ڕێگەی بەیاننامەی نووسراوەوە پەیامەکانی ئاراستە دەکات.

وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دوورەپەرێزیی ڕێبەری نوێی وڵاتەکە ڕایگەیاند، کە "بەهۆی بارودۆخی نالەباری ئەمنی و لەسەر ڕاسپاردەی دەزگا هەواڵگرییەکان"، موجتەبا خامنەیی لە ئێستادا ناتوانێت لە شوێنە گشتییەکاندا دەربکەوێت.




PM:05:03:05/06/2026