سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، هۆشدارییەکی توندی دایە ئەمریکا و ئیسرائیل و ڕایگەیاند'' سەپاندنی گەمارۆی دەریایی دژ بە گەلی ئێران و پشتگیرییەکانی واشنتن بۆ تەلئەڤیڤ، تەواوی بنکە و بەرژەوەندییە داراییەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی ڕەوای هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی.''
محەمەد باقر قالیباف، لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوە کرد کە لایەنی بەرامبەر نە پابەندی ئاگربەستە و نە بڕوای بە گفتوگۆ هەیە. جەختیشی کردەوە کە سەپاندنی گەمارۆی دەریایی و پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکانی تایبەت بە لوبنان نیشانیان دەدات کە ئەوان تەنیا لە زمانی هێز تێدەگەن.
لە بەشێکی پەیامەکەیدا نووسیویەتی'' گەمارۆی دەریایی دژ بە گەلی ئێران و ئەو پشتگیرییە بەردەوامانەی واشنتن بۆ تەلئەڤیڤ، بنکە و داراییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا دەکاتە ئامانجی ڕەوا بۆ هێزەکانمان." هاوكات باسی لە ئامادەیی سەربازیی وڵاتەکەی کرد و گوتی: "دەستی هێزە چەکدارەکانی ئێمە وەک هەمیشە کراوەیە."
ئەم هەڕەشانەی سەرۆکی پەرلەمان لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوە لە پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاندبوو کە وڵاتەکەی وەڵامێکی یەکلاکەرەوە و بەئازار دەداتە ئیسرائیل بەرامبەر بە هێرشەکانی بۆ سەر لوبنان، و بە شێوازێکی کورت هۆشداریی دابوو'' ئەمشەو سەیری ئاسمانی ئیسرائیل بکەن."