ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرائیل

سوپای ئیسرائیل بە فەرمی ڕایگەیاند'' ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و لە ئێستاشدا سەرجەم سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هێرشانە چالاک کراون.''

هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی جیاوازی ئیسرائیل لێدراوە و لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل هەڕەشەی بەرپەرچدانەوەیەکی توند دەکات بە هێرشکردنە سەر خودی شاری تاران.

ئەم هێرشە ڕاستەوخۆیەی تاران دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل باشووری بەیروتی بۆردومان کرد و ڕایگەیاند'' دوو مووشەکیان خستووەتە خوارەوە کە لە لوبنانەوە بەرەو ئیسرائیل هاوێژرابوون.'' ئەم کارەش کاردانەوەی توندی تارانی لێکەوتەوە و هۆشداریی وەڵامدانەوەیەکی "بەئازار و یەکلاکەرەوە"یان دا.

ئیبراهیم ڕەزایی، وتەبێژی لیژنەی ئاسایشی نەتەوەیی لە پەرلەمانی ئێران، پێش دەستپێکردنی هێرشە مووشەکییەکە لە لێدوانێکی تونددا ڕایگەیاندبوو'' پێویستە ئەم سەگە هارە تەمبێ بکرێن و بخرێنەوە شوێنی خۆیان. ئەمشەو سەیری ئاسمانی سەر زەوییە داگیرکراوەکان بکەن".

ئەم ئاڵۆزییە گەورانە لە کاتێکدایە کە ئەمریکا لە هەوڵی ناوبژیوانیدایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە؛ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا داوای کرد کە ئیسرائیل بە شێوازێکی "ورد و دیاریکراو"تر هێرش بکاتە سەر حیزبوڵڵا و ڕایگەیاند کە ئەوان پەلەیان نییە لە هێنانەناوەی دۆسیەی لوبنان بۆ ناو چوارچێوەی ڕێککەوتنی گشتیی ئەمریکا و ئێران.



PM:10:56:07/06/2026