فەرماندەی قەرارگەی ناوەندی خاتەمولئەنبیای ئێران، عەلی عەبدوڵڵاهی پەیامێکی سەبارەت بە داخرانی گەروی هورمز بەسەر کەشتییە بازرگانی و نەوتهەڵگرەکاندا بڵاو کردەوە و دەڵێت "یان هەناردەکردنی نەوت و گاز بۆ هەمووان دەبێت، یان بۆ هیچ کەس".
پێنج شەممە، ١١ حوزەیران ٢٠٢٦، لە پەیامەکەدا هاتووە ''ئەمریکا لە لایەک باسی رێککەوتن و دانوستاندن دەکات، لە لایەکی دیکەوە سەرقاڵی خراپەکارییە، ئەم ناکۆکییە ئاشکرایە هۆکاری سەرەکیی نائارامییە لە ناوچەکەدا و ئاسایشی بازرگانی و ئابووریی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لە گەروی هورمز خستووەتە مەترسییەوە".
''سەرکردەکانی ئەمریکا بەهۆی نەبوونی تێگەیشتنێکی دروست لە گەلی ئازای ئێران و هێزە چەکدارە بەهێزەکانی، لەنێو بازنەیەکی بەتاڵدا دەخولێنەوە، درۆ دووبارەکانی ئەمریکا یەکێکە لە نیشانەکانی"، عەلی عەبدوڵڵاهی وا دەڵێت.
فەرماندەی قەرارگەی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران وتوشیەتی "ئەمریکا شكستیخواردووە و هەرگیز ناتوانن بە بانگەشە و شەڕی میدیایی، سووکایەتی و شکستە یەک لە دوای یەکەکانیان لە بەرامبەر ئێراندا قەرەبوو بکەنەوە یان شەڕخوازیی خۆیان بشارنەوە".
جیا لە بەردەوامیی گەمارۆ دەریاییەکانی سەر بەندەرەکانی ئێران، دوو رۆژە ئەمریکا راستەوخۆ هێرش دەکاتە سەر چەند ناوچەیەکی ئەو وڵاتە، عەلی عەبدوڵڵاهی هۆشداریش دەدات "ئەگەر جارێکی دیکە بیانەوێت هێرش بکەنە سەرمان، وەڵامێکی تووندتر لە جاران وەردەگرنەوە و ئاگری جەنگ جگە لە نائارامیی ناوچەکە، پەرەدەستێنێت و بەرفراوانتر دەبێت".