کەمێک پێش ئێستا، پلاتفۆڕمەکانی کۆمپانیای مێتا ڕووبەڕووی لەکارکەوتنێکی کتوپڕ و بەربڵاو بوونەتەوە، کە بەهۆیەوە بەشێکی زۆر لە بەکارهێنەران لە جیهاندا ناتوانن بچنە ناو هەژمارەکانیانەوە.
پچڕانی خزمەتگوزارییەکانی ئەمجارە، نەک تەنیا ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنی سەرەکیی فەیسبووک، بەڵکو تۆڕی مێسنجەریشی گرتووەتەوە. هاوکات لەگەڵ ئەمەشدا، خزمەتگوزارییەکانی دیکەی کۆمپانیاکە وەک ئینستاگرام و واتسئاپ لە هەندێک شوێن تا ئێستا بە جێگیری ماونەتەوە، بەڵام لە چەندین ناوچەی دیکە بەکارهێنەران کێشەیان بۆ دروستبووە و ناتوانن لە ئینستاگرام پۆست یان ستۆری بڵاو بکەنەوە.
بەپێی ڕاپۆرتی بەکارهێنەران، لە کاتی ڕوودانی کێشەکەدا سیستەمی فەیسبووک بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی هەمووانی لە هەژمارەکانیان دەرکردووە (Log out). کاتێکیش بەکارهێنەران هەوڵی چوونەژوورەوەی دووبارەیان داوە، ڕووبەڕووی پەیامی "هەڵەیەکی چاوەڕواننەکراو ڕوویداوە" (An unexpected error occurred) بوونەتەوە.
تاوەکو ئێستا کۆمپانیای مێتا هیچ ڕوونکردنەوەیەکی فەرمی لەسەر هۆکاری ئەم لەکارکەوتنە کتوپڕە و کاتی چارەسەرکردنی نەداوە.