سوپای ئیسرائیل هۆشدارییەکی بەپەلەی ئاراستەی دانیشتوانی ژمارەیەک شارۆچکە و گوندی باشووری لوبنان کرد کە دەستبەجێ ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێبهێڵن و بچنە باکووری ڕووباری زەهرانی.
لە هۆشدارییەکەدا ناوی ئەو ناوچانە خراوەتەڕوو کە بریتین لە دێر ئەلزەهرانی، نەمریە، شەرقییە، دوایر، حەروف، حەبوش، کفر جوز، زەبدین، نەباتیە تەحتا، نەباتیە فوقا، کفر ئارمان، مەحمودییە، سەجد، ڕەیحان، ئەرمەتی، کفر حونا، مەلەخ، لویزە، جەرجو و عەرەب سەلیم.
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە ئەم کارە دوای پێشێلکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لەلایەن حزبوڵڵایەوە ئەنجامدراوە و جەختی لەوە کردەوە کە بوونیان لە نزیک هێز و دامەزراوە و ئامێرە سەربازییەکانی حزبوڵا دەتوانێت ژیانی خەڵکی مەدەنی بخاتە مەترسییەوە.